zagros news agency

وەرزی سێیەمی “House of the Dragon” خوێناویترینە

تۆڕی ئێج بی ئۆ نوێترین ترەیلەری وەرزی سێیەمی زنجیرەی جیهانی  House of the Dragon“ـی بڵاوکردەوە و وادەی پەخشکردنی یەکەم ئەڵقەی دیاریکرد، کە بڕیارە لە 21ـێ حوزەیران دەستپێبکات.

 

لە رێوڕەسمێکی تایبتەدا لە مەکسیکۆ سیتی، ئەکتەرە سەرەکییەکانی زنجیرەکە مات سمیت، ئۆلیڤیا کوک و فابیان فرانکل بەشدارییان لە پانێڵێکی تایبەتدا کرد و باسیان لە وردەکارییەکانی وەرزی نوێ کرد.

 

وەرزی نوێی کە درێژەپێدەری چیرۆکی ململانێی خوێناویی بنەماڵەی تۆرگێریانە، بە گوتەی دروستکەرانی، گەورەترین و پڕ بایەخترین وەرزی زنجیرەکە دەبێت تا ئێستا.

 

ڕایان کۆنداڵ، بەڕێوەبەری کار و بەرهەمهێنەری زنجیرەکە، لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسێکەوە لە بەریتانیاوە بەشداری کرد و ڕایگەیاند: “ئێمە لە دوایین قۆناغەکانی مۆنتاژ و کارە هونەرییەکانین. ئەم وەرزە زۆر گەورەیە، لە هەموو وەرزەکانی پێشوو گەورەترە. تاریکە، پڕە لە ئەکشن، پڕە لە سۆز و بێگومان ژمارەیەکی زۆر ئەژدیهای تێدایە.”

 

مات سمیت، کە ڕۆڵی “دایمون تۆرگێریان” دەگێڕێت، هەوادارانی دڵنیاکردەوە، ئەم وەرزە “خوێناویتر، بوێرتر و مەترسیدارتر” دەبێت. سمیت ئاماژەی بەوەش کرد، بینەران چاوەڕێی شەڕی گەورەی ئەژدیهاکان بن، بەتایبەتی ئەژدیهاکەی خۆی کاراکسیس.

 

ئۆلیڤیا کوک (ئالیسێنت هایتاوەر) باسی لە پەیوەندییە ئاڵۆزەکەی لەگەڵ ڕاینێرا تۆرگێریان کرد و گوتی: “بۆ ئەوەی ڕقت لە کەسێک بێت، دەبێت پێشتر سۆز و خۆشەویستییەکی زۆر هەبووبێت کە ئێستا سووتاوە. منیش نازانم لە ئێستادا ڕاینێرا چ پێگەیەکی لە دڵی ئالیسێنتدا ماوە.”

 

لە ترەیلەرە نوێیەکەدا، لۆرد کۆرلیس ڤێلاریۆن دەردەکەوێت کە هۆشداری دەدات و دەڵێت: “هەموو ئەوەی ماوەتەوە ئەوەیە بڕیار بدەیت چی لەم جەنگە دەوێت”. هەروەها سێر کریستۆن کۆڵ هۆشداری دەدات لەوەی کە “وێرانی و مەرگ دەورەی داوین.”

 

زنجیرەی “House of the Dragon” کە پاشکۆی زنجیرەی بەناوبانگی (Game of Thrones)ـە، لە هەرێمی کوردستانیش خاوەن بنکەیەکی جەماوەریی زۆرە.

 

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ترەیلەرە نوێیەکە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لەنێو هۆگرانی ئەم بەرهەمە لە کوردستان، دەنگدانەوەی زۆری هەبووە. بە گەشتی بینەرانی بە پەرۆشەوە چاوەڕێی 21ـی حوزەیران دەکەن بۆ بینینی بەردەوامی “جەنگی ئەژدیهاکان”.

هەواڵی پەیوەندیدار

نەیشینزلیگ.. پورتوگال بە سەرکردایەتی کریستیانۆ بەزەحمەت بردیەوە

یاسین

چاندنی گەنمە شامی قەدەغە دەكرێت

گوران

شه‌پۆڵێكی باران و سه‌رما روو له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كات

یاسین