مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەر لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانەوە خوازیار بوون لە زووترین کاتدا کابینەی نوێی حکومەت پێکبهێنرێت و هیوای خواست چیتر ئەو بابەتە دوانەکەوێت.
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، 28-04-2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ژمارەیەک لە وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنە سیاسی و ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کران.
پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا
سەبارەت بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی فیدراڵ، مەسرور بارزانی هیوای خواست کابینەی نوێ ببێتە هەوێنی سەقامگیری و “سەردەمێکی نوێی ئاشتی” لە عێراقدا. جەختیشی لەوە کردەوە کە پێویستە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور، ڕێزگرتن لە مافە دەستوورییەکان و پاراستنی قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێن.
پێکهێنانی کابینەی نوێی هەرێمی کوردستان
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە پرسی ناوخۆیی و پێکهێنانی حکومەت کرد و گوتی: “ئێمە هەر لە دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە خوازیاربووین لە زووترین کاتدا کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم پێکبهێنرێت و هیوادارین چیتر ئەم بابەتە دوا نەکەوێت.”
ڕۆڵی کەرتی تایبەت
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، مەسرور بارزانی ستایشی وەبەرهێنەران و کەرتی تایبەتی کرد و سوپاسی کردن بۆ ئەو ڕۆڵە “گرنگ و کاریگەرەی” لە پشتیوانیکردنی حکومەت، پەرەپێدانی ئابووری و بووژانەوەی بزاڤی بازرگانی لە کوردستاندا گێڕاویانە.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، چەندین پێشنیاز و ڕاسپاردە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ئابوورییەکان خرانەڕوو، سەرۆکی حکومەتیش وەڵامی سەرنج و پرسیاری وەبەرهێنەرانی دایەوە و جەختی لە کارکردن بۆ نەهێشتنی کۆسپەکانی بەردەم جموجۆڵی بازرگانی کردەوە.

