ئەمڕۆ چوارشەممە، 27-4-2026، حزبوڵڵای لوبنانی ڕایگەیاند، کە دوو تانکی سوپای ئیسرائیلی لە جۆری “مێرکاوا” کردووەتە ئامانج.
حزبوڵڵای لوبنانی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، “لە شارۆچکەی قونەیتەرە، لە ڕێگەی دوو درۆنەوە ئەو دوو تانکە کراونەتە ئامانج و بە دروستی پێکراون.”
حزبوڵڵا ئاماژەی بەوەشداوە، ئەم هێرشە “لە پێناو بەرگریکردن لە لوبنان و گەلەکەی، و وەک وەڵامێکە بۆ پێشێلکردنی ئاگربەست لەلایەن ئیسرائیلەوە و ئەو دەستدرێژییانەی کە کراونەتە سەر گوندەکان و بوونەتە هۆی ڕووخاندنی ماڵەکان لە باشووری لوبنان.”
جەختیشی کردەوە “بە مووشەک، گردبوونەوەیەکی سەربازانی ئیسرائیلییان لە شارۆچکەی قونەیتەرە لە باشووری لوبنان کردووەتە ئامانج.”
لای خۆیەوە، وەزارەتی تەندروستیی لوبنان ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشێکی ئاسمانیی دوێنێی ئیسرائیل بۆ سەر شارۆچکەی ‘جبشیت’ لە باشووری وڵاتەکە، 5 کەس کوژراون و 21 کەسی دیکەش بریندار بوون.
پێشتریش لە ڕۆژی چوارشەممە، سوپای ئیسرائیل کوژرانی سێ چەکداری حزبوڵڵای لە بۆردومانێکی ئاسمانیدا ڕاگەیاند، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەهۆی پێشێلکردنی ئاگربەستەوە، گرژییە ئەمنییەکانی نێوان هەردوو لا ڕووی لە هەڵکشان کردووە.

