zagros news agency

کارەبای عێراق: هەموو هێڵەکانی بەستنەوە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ ئامادەن و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا وزە لە کەنداوەوە وەردەگرین

وەزارەتی کارەبای عێراق، جێبەجێکردنی پلانێکی تۆکمەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لوتکەی بارگرانییەکانی هاوین  و کەمیی گاز ڕاگەیاند؛ هاوکات جەختی کردەوە کە هەموو هێڵەکانی بەستنەوە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ ئامادەن و بەستنەوەی کارەبا لەگەڵ وڵاتانی کەنداو لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەکەوێتە کار.

ئەحمەد مووسا، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق ڕایگەیاند: “سیستەمی کارەبا چووه‌تە قۆناغی کۆتایی ئامادەکارییەکان بۆ وەرزی هاوین”، ڕوونیشی کردەوە کە پلانەکە پڕۆژەی وێستگەکانی بەرهەمهێنان، ئامادەکردنی هێڵەکانی گواستنەوە، وێستگەکانی گۆڕین، پەرەپێدانی تۆڕەکانی دابەشکردن و زیادکردنی ژمارەی فیدەرەکان لە ناوەندە پڕبارەکاندا دەگرێتەوە.

ئەحمەد مووسا گوتی: “گرێبەستێک لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەمریکی واژۆ کراوە بۆ دانانی پلاتفۆرمێکی گازی شل (LNG) کە لە کۆریاوە بۆ بەندەری خۆرولزبێر دەگوازرێتەوە. ئەم پلاتفۆرمە ڕۆژانە نێوان ٥٠٠ بۆ ٧٥٠ ملیۆن پێ سێجا گاز دابین دەکات”. حکومەت ڕێکەوتی ١ی حوزەیرانی وەک کاتی کەوتنەکاری دیاری کردووە، بەڵام وەزارەت نیگەرانی هەیە کە بارودۆخی ئەمنیی ناوچەکە کار بکاتە سەر گەیشتنی ئەم پلاتفۆرمە و هاتووچۆی کەشتییەکان.

ئەحمەد موسا هۆشداری دا: هاوردەی گازی ئێران ئێستا ١٧ ملیۆن مەتر سێجایە، لە کاتێکدا لە هاویندا پێویستییەکە دەگاتە ٥٥ ملیۆن مەتر سێجا. بەهۆی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوت، گازی هاوەڵیش کەمی کردووە

راشیگەیاند: پەسەندنەکردنی بودجە ئاستەنگی دارایی بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکان دروست کردووە. بەهۆی کەمیی گازەوە، عێراق نزیکەی ٥٠٠٠ مێگاوات بەرهەمهێنان لەدەست دەدات.

مووسا ئاشکرای کرد: بەستنەوە لەگەڵ تورکیا: تەواو بووە و ئامادەیە بۆ دابینکردنی ٦٠٠ مێگاوات. بەستنەوە لەگەڵ ئوردن قۆناغی یەکەم (٥٤ مێگاوات) دەستی پێکردووە و چاوەڕوان دەکرێت بگاتە ١٥٠ مێگاوات. بەستنەوە لەگەڵ کەنداو ڕێژەی جێبەجێکردنی گەیشتووەتە ٪٩٦ و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بە توانای ٥٠٠ مێگاوات دەکەوێتە کار. بەستنەوە لەگەڵ ئێران چوار هێڵ لە دیالە، بەسرە و خانەقین ئامادەن، بەڵام بەهۆی سزاکانەوە ساڵێکە وەستاون.

لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد کە پێشبینی دەکرێت خواستی کارەبا لە هاویندا بگاتە ٦٠ هەزار مێگاوات، لە کاتێکدا وەزارەت هەوڵ دەدات بەرهەمهێنان بگەیەنێتە ٢٩ بۆ ٣٠ هەزار مێگاوات. هەرچەندە پڕۆژەکانی بەستنەوە (کە نزیکەی ١٢٥٠ مێگاوات دابین دەکەن) هەموو کورتهێنانەکە پڕ ناکەنەوە، بەڵام سەقامگیریی هونەری بۆ تۆڕەکە دابین دەکەن.

هەواڵی پەیوەندیدار

بانکی ناوەندیی عێراق مۆڵەت لە چوار بانک وەردەگرێتەوە

سەڵاح

ژن و مێردێکی عێراقی لە ئەڵمانیا بە ئەشکەنجەدانی ئێزدیان تۆمەتبار کران

یاسین

نێچیرڤان بارزانی و محەمەد شیاع سوودانی چەند پرسێکی هاوبەش تاوتوێ دەکەن

یاسین