ئۆرزولا فۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپایی، ڕای گەیاند هەر ڕێککەوتنێک ئەگەری لەگەڵ ئێران دەبێ بەرنامەی ئەتۆمی و مووشەکە بالیستییەکانی ئەو وڵاتە بگرێتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی “ڕۆیتەرز”، فۆن دێر لاین ڕۆژی چوارشەممە ٩ی بانەمەڕ لە گوتارێکدا لە پەرلەمانی ئەورووپا گوتی ئەورووپا خوازیاری کۆتاییهاتنی بەردەوامی جەنگە و گەیشتن بەم ئامانجەش بە گەڕانەوەی ئازادیی کەشتیوانی لە گەرووی هورمزدا بەستراوەتەوە.
ناوبراو هۆشداریی دا لێکەوتەکانی جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دەتوانن کاریگەرییان لەسەر تەناهیی ئابووریی ئەورووپا هەبێت و جەختی کردەوە ئەم جەنگە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر تەناهی و ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییانی ئەورووپایی داناوە.
سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا هەروەها ڕای گەیاند تێچووی هاوردەکردنی وزەی ئەورووپا لە دوای ئەم گۆڕانکارییانە نزیکەی ٢٧ ملیار یۆرۆ (٣٢ ملیار دۆلار) زیادی کردووە.
سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا جەختی لەسەر پێویستیی پاراستنی ئاگربەست لە ئێران و لوبناندا لە ڕێگەی چارەسەری دیپلۆماسییەوە کردەوە و هاوکاریی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو بۆ کۆنترۆڵکردنی تەنگژەکە بە پێویست زانی.
بەرپرسانی ئەورووپا لە دانوستانەکانی ئێستای ئێران و ئەمریکایی بە نێوەندگیریی پاکستان ئامادە نین، بەڵام جەخت لەسەر گونجاندنی دۆسیەی ئەتۆمی و بەرنامەی مووشەکیی ئێران لە هەر ڕێککەوتنێکی ئەگەریدا دەکەنەوە.

