تۆڕی نێتفلێکس پەردەی لەسەر یەکەمین وردەکارییەکانی فیلمی “The Whisper Man“ لادا، کە ئەکتەری ناسراو و خاوەن خەڵاتی ئۆسکار، ڕۆبێرت دێ نیرۆ، ڕۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕێت.
ئەم فیلمە کە بڕیارە لە 28ـی ئابی 2026 نمایش بکرێت، لە جۆری فیلمە پڕ لە هەستەبزوێن و تاوانکارییەکانە و کار لەسەر ڕەهەندە ئاڵۆزەکانی مرۆڤ و پەیوەندی نێوان باوک و کوڕ دەکات.
چیرۆکی فیلمەکە لە ڕۆمانێکی نووسەر ئالێکس نۆرس وەرگیراوە کە یەکێک بووە لە پڕفرۆشترین کتێبەکانی نیویۆرک تایمز.
چیرۆکەکە باس لە نووسەرێکی ڕۆمانی تاوان دەکات کە هاوسەرەکەی کۆچی دوایی کردووە، کاتێک کوڕە هەشت ساڵانەکەی دەڕفێندرێت، ناچار دەبێت پەنا بۆ باوکی ببات کە لێی دابڕاوە و لێکۆڵەرێکی خانەنشینە. لە کاتی گەڕان بەدوای کوڕەکەیدا، پەیوەندییەکی ترسناک لە نێوان ئەم ڕفاندنە و کەیسێکی کۆنی بکوژێکی زنجیرەیی دەردەکەوێت.
جگە لە دێ نیرۆ، هەریەکە لە میشێل مۆناگان و ئادەم سکۆت ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن. ئەم فیلمە لە دەرهێنانی جیمس ئاشکڕۆفتە.

