ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئاماژه به‌وه ده‌كات كه یاسای هه‌ڵبژاردن غه‌درێكی زۆری له پارتی دیموكراتی كوردستان كردووه، چونكه ژماره‌ی ده‌نگی لیستی پارتی و هاوپه‌یمانی ئاوه‌دانكردنه‌وه و گه‌شه‌پێدان كه محه‌مه‌د شیاع سودانی، سه‌رپه‌رشتی ده‌كات زۆر نه‌بوو كه‌چی ژماره‌ی كورسییه‌كانیان دووبه‌رانبه‌ر جیاوازه.
د.ئه‌شواق جاف بۆ زاگرۆس، گوتی: “پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌دواین هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ملیۆنێك و 105.445 ده‌نگی هێناوه به 26 كورسییه‌وه كه‌چی هاوپه‌یمانی ئاوه‌دانكردنه‌وه و گه‌شه‌پێدان، ملیۆنێك و 300 هه‌زار ده‌نگی هێناوه، 45 كورسی په‌رله‌مانی عێراقی بردووه، كه‌چی جیاوازی نێوان ده‌نگه‌كانیان كه‌متره له 200 هه‌زار ده‌نگ، به‌ڵام ده‌بینین ژماره‌ی كورسییه‌كانمان دووبه‌رانبه‌ر جیاوازه، بۆیه یاسای هه‌ڵبژاردن غه‌دری كردووه له ده‌نگی پارتی، ئه‌مه‌ش وای كردووه كه سه‌رۆك بارزانی له بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌روونی ئاماژه به‌و غه‌دره بكات”.
گوتیشی: “پارتی حزبی یه‌كه‌مه له ئاستی عێراق، له‌كاتی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن جه‌ختمان له‌وه كرده‌وه كه یاسای هه‌ڵبژاردن هه‌موار بكرێته‌وه و ئه‌م خاڵه ده‌مێنێته‌وه كه چۆن بریاری له‌سه‌ر بدرێت و چی بكرێت بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌م پرسه”.

