zagros news agency

سەرۆک کۆماری لوبنان: ئیسرائیل لە پێشێلکردنی ئاگربەست بەردەوامە

جۆزێف عۆن، سەرۆک کۆماری لوبنان، ڕای گەیاند ئیسرائیل لە باشووری لوبنان بەردەوامە لە پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست. عۆن ڕۆژی چوارشەممە گوتی هێرشەکانی ئیسرائیل وێرانکردنی خانوو و پەرستگاکان دەگرێتەوە و ژمارەی کوژراو و برینداران ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەبێت. سەرۆک کۆماری لوبنان لە کاتی دیدار لەگەڵ شاندێکی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی کۆمەڵەکانی خاچی سوور و مانگی سووردا جەختی کردەوە پێویستە گوشار بخرێتە سەر ئیسرائیل بۆ ئەوەی پابەندی یاسا و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان بێت.
ناوبراو داوای کرد ئیسرائیل کۆتایی بە بەئامانجگرتنی خەڵکی سڤیل، تیمە فریاگوزارەکان، هێزەکانی بەرگریی شارستانی و ناوەندە مرۆییەکان بهێنێت. هەروەها داوای یارمەتیی بۆ دیاریکردنی چارەنووسی زیندانییە لوبنانییەکان لە زیندانەکانی ئیسرائیلدا کرد.
عۆن گوتی هێرشەکانی ئیسرائیل تیمە فریاگوزارەکان و خۆبەخشەکانیشی گرتووەتەوە و تا ئێستا نزیکەی ١٧ فریاگوزاری خاچی سووری لوبنانی و ناوەندە مرۆییەکانی دیکە، جیا لە کارمەندانی ڕاگەیاندن، کوژراون.
سەرۆک کۆماری لوبنان جەختی کردەوە چالاکیی خۆبەخشان بۆ ڕزگارکردنی بریندارەکان، نموونەی باڵای قوربانیدانە لە پێناو مرۆڤایەتیدا و ئەم هێزانە سەرەڕای ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە سەبارەت بە ئەرکە فریاگوزارییەکانیان، هێشتا دەکرێنە ئامانج. عۆن لە کۆتاییدا جارێکی دیکە داوای یارمەتیی بۆ دیاریکردنی چارەنووسی زیندانییەکان کرد و گوتی ئیسرائیل تا ئێستا ڕێگە بە لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور نادات پێوەندی بەو زیندانییانەوە بکات و لە بارودۆخیان ئاگادار بێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئاگرێکی گەورە لە عەلوەی تەماتەی بەسرە کەوتەوە

سەڵاح

هەولێر لە پێشوازی سەری ساڵی نوێ

سەڵاح

پرسەنامەیەک لە بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان

یاسین