بەنگین ڕێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق دڵنیایی دەداتە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و ڕایدەگەیێنێت، پرسی داهاتە نانەوتییەکان نابێتە کێشە بۆ ناردنی مووچەی مانگی نیسان (چوار).
لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، بەنگین ڕێکانی ئاماژەی بەوە کرد، ئەو تێبینییانەی لەسەر داهاتی نانەوتی و ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان هەن، نابنە بەربەست لەبەردەم ناردنی پارەی مووچەی فەرمانبەران بۆ مانگی چوار.
ئەم دڵنیاییەی وەزیرە کوردەکەی حکومەتی فیدراڵ لە کاتێکدایە، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەنگۆی ئەوە هەبوو کە بەهۆی ڕادەستنەکردنی داهاتە نانەوتییەکان لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە، ئەگەری هەیە بەغدا ناردنی مووچە دوابخات.
بەپێی وتەی ڕێکانی، تێگەیشتن لەنێوان هەولێر و بەغدا هەیە و پرۆسەی ناردنی شایستە داراییەکان و مووچەی فەرمانبەران بەردەوام دەبێت، تاوەکو ئەو کاتەی کێشە تەکنیکی و یاساییەکانی دیکە بە یەکجاری چارەسەر دەکرێن.

