بەڕێوەبەری گشتیی شار و ناوچە پیشەسازییەکان دكتۆر پشتیوان حەمە سەعید گووتی لە ئێستادا قەبارەی وەبەرهێنانی بیانی لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 11 ملیار دۆلار، کە لە چوارچێوەی 54 پڕۆژەی جیاوازدا جێبەجێ دەکرێن.
سەبارەت بە کەرتی پیشەسازی ئۆتۆمبێل، پشتیوان حەمە سەعید ئاشکرای کرد، بەهۆی زیادبوونی بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی چینی لە هەرێم، کۆمپانیا چینییەکان ئارەزووی خۆیان نیشانداوە بۆ دامەزراندنی کارگەی پیشەسازی ئۆتۆمبێل. لەو چوارچێوەیەدا، سێ پڕۆژەی جیاواز پێشکەش کراون:
1- پڕۆژەیەکی تایبەت بە ئۆتۆمبێلی کارەبایی.
2- دوو پڕۆژەی تایبەت بە پێکەوەلکاندنی (مۆنتاژکردنی) پارچەکانی ئۆتۆمبێل.
جەختی لەوەشکردەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەردوو پڕۆژەی مۆنتاژکردنی ئۆتۆمبێلی پەسەند کردووە و ئێستا لە قۆناغی دیاریکردنی زەوی و ناوچەی گونجاندان بۆ دەستپێکردنی کارەکانیان.
لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەم پڕۆژە پیشەسازییانە نەک تەنیا پێداویستیی ناوخۆیی و ناوچەکە پڕ دەکەنەوە، بەڵکو دەبنە سەرچاوەیەکی گەورەی رەخساندنی هەلی کار بۆ هاووڵاتییان و هەنگاوێکی گرنگن بۆ گەشەپێدانی ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان.

