zagros news agency

وەزارەتی ناوخۆ: مامەڵەکردن بە USDT و فۆڕێکس قەدەغەیە 

 

وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکی نوێدا، هۆشدارییەکی توند دەداتە هاووڵاتییان و کۆمپانیاکان سەبارەت بە مامەڵەکردن بە دراوە ئەلیکترۆنییەکان و بازرگانیی “فۆڕێکس.

وەزارەتەکە ڕایگەیاندووە کە بەهۆی نەبوونی مۆڵەتی فەرمی و چوارچێوەی یاسایی، هەموو جۆرە چالاکییەک لەو بوارانەدا لە هەرێمی کوردستان و عێراق بە قەدەغە و نایاسایی هەژمار دەکرێت.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە ئەم بڕیارە لەبەر ڕۆشنایی ڕێنماییەکانی بانکی ناوەندیی عێراقی فیدراڵ و وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان دەرکراوە. ئامانج لێی پاراستنی سەرمایە و بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتییانە، چونکە هیچ کۆمپانیایەک لە بواری دراوە ئەلیکترۆنییەکان وەک USDT و بازرگانیی فۆڕێکس مۆڵەتی فەرمیی نییە و هیچ گەرەنتییەکی یاسایی بۆ پاراستنی مافی بەشداربووان لە ئارادا نییە.

وەزارەتی ناوخۆ جەختی کردووەتەوە کە بەپێی یاسا و ڕێنماییە کارپێکراوەکان، هەر کەس یان گروپێک لەژێر ناوی کۆمپانیادا لەم بوارەدا کار بکات، شوێنەکەی دادەخرێت و ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی توندی یاسایی دەکرێتەوە. هەروەها داوا لە هاووڵاتییان دەکات بۆ پاراستنی داراییەکانیان، لەم جۆرە مامەڵە پڕ مەترسییانە دوور بکەونەوە.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو کەسانەی پێشتر مامەڵەیان کردووە و مافێکیان لای ئەو لایەنانە هەیە، پێویستە هەوڵی وەرگرتنەوەی بدەن و ڕێکارە پێویستەکان بگرنە بەر، ئەم هۆشدارییە لە کاتێکدایە کە حکومەت هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ ڕێگریکردن لەو چالاکییە داراییانەی کە مۆڵەتی فەرمییان نییە و مەترسی بۆ سەر ئابووریی خێزانەکان دروست دەکەن.

هەواڵی پەیوەندیدار

وەزارەتی ئەوقاف و یەکێتیی زانایان: مافی خۆمانە ڕێکاری یاسایی بەرانبەر قاسم شەشۆ بگرینەبەر

دڵشاد

کەشناسی : پلەکانی گەرما بەرز دەبێتەوە

یاسین

شاندی پارتی و هەیبەت حەلبووسی جەخت لە پاراستنی ئاسایشی وڵات و دامەزراوەکان دەکەنەوە

یاسین