کۆمپانیای فڕۆکەوانی “لوفتهانزا” ڕایگەیاند، توانیویانە ئەو خەڵاتی ئۆسکارە بدۆزنەوە کە هی دەرهێنەری ڕووسی پاڤێل تالانکین بوو و لە کاتی گەشتێکدا ون ببوو.
تالانکین کە خاوەنی خەڵاتی باشترین فیلمی دۆکیۆمێنتارییە بۆ فیلمی “کەس لە دژی پوتین نییە”، لە فڕۆکەخانەی JFKی نیویۆرک لەلایەن تیمە ئەمنییەکانەوە ڕێگری لێکرابوو خەڵاتەکەی بباتە ناو هۆڵی سەرنشینان بەو بیانووەی کە “لەوانەیە وەک چەک بەکاربهێنرێت”.
بەو هۆیەوە ناچار کرابوو خەڵاتەکە بخاتە ناو کارتۆنێک و ڕەوانەی بەشی بارەکان (ئەمانات)ی بکات، بەڵام لە کاتی گەیشتنی بۆ ئەڵمانیا خەڵاتەکە ون ببوو.
کۆمپانیای لوفتهانزا داوای لێبووردنی کرد و ڕایگەیاند، خەڵاتەکە لە فرانکفۆرت دۆزراوەتەوە و بۆ دەرهێنەرەکەی دەگەڕێننەوە.
تالانکین ئاماژەی بەوە کرد کە پێشتر زیاتر لە ١٠ جار ئەو خەڵاتەی لەگەڵ خۆی بردبووە ناو فڕۆکە و هیچ کێشەیەکی بۆ دروست نەببوو.

