ناوەندی توێژینەوەی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، کۆڕبەندێکی تایبەتی بۆ تاوتوێکردنی ڕەوشی سۆشیالمیدیا لە هەرێمی کوردستان و ڕۆڵی لە گەیاندنی زانیاریی دروستدا ڕێکخست و تێیدا جەخت لە پاراستنی سەقامگیریی کۆمەڵایەتی کرایەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 7ـی ئایاری 2026، بە ئامادەبوونی د. جوتیار عادل، سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، ناوەندی توێژینەوەی فەرمانگەکە گفتوگۆیەکی کراوەی لەژێر ناونیشانی “ڕۆڵی پلاتفۆرمەکانی سۆشیالمیدیا لە گەیاندنی داتا و زانیاریی ڕاست” بەڕێوەبرد.
لە گفتوگۆکەدا کە هەریەک لە پسپۆڕان و مامۆستایانی زانکۆ (د. ڕۆژگار حەمەدەمین، د. بەشدار حوسێن و د. شاڵاو عەبدولخالق) تێیدا بەشداربوون، بە وردی و لە ڕوانگەیەکی ئەکادیمی و کۆمەڵناسییەوە شیکردنەوە بۆ ئاراستەکانی ئێستای سۆشیالمیدیا لە کوردستان کرا.
بەشداربووانی پانێڵەکە تیشکیان خستە سەر ئەو هەل و دەرفەتانەی کە لەبەردەم پلاتفۆرمەکاندا هەن بۆ ئەوەی باشتر ڕێکبخرێن. ئامانج لەم هەوڵەش ئەوەیە سۆشیالمیدیا ببێتە سەرچاوەیەکی متمانەپێکراوی زانیاری بۆ هاووڵاتییان و دووربکەوێتەوە لە شێواندنی ڕاستییەکان.
تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکە تایبەت بوو بە پرسی “ئارامی و سەقامگیریی کۆمەڵایەتی”؛ ئامادەبووان جەختیان کردەوە کە پێویستە گواستنەوەی زانیارییەکان بە شێوەیەکی پیشەییانە بێت، بە جۆرێک کە بەرژەوەندییە گشتییەکانی کۆمەڵگە بپارێزێت.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، کۆمەڵێک پێشنیاز و ڕاسپاردەی نوێ خرانە ڕوو، بە مەبەستی داڕشتنی پلانێکی کارکردنی هاوبەش لە ئاییندەدا بۆ بەرەوپێشبردنی ڕەوشی میدیای دیجیتاڵی لە هەرێمی کوردستان.


