zagros news agency

تەلەئەبیب بە واشنگتۆنی راگەیاندووە پێویستە ماوەی دانوستاندنەکان لەگەڵ تاران درێژ نەکرێتەوە

لە ناو هەواڵەکانی پەیوەندیدار بە ناکۆکی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا سەبارەت بە بابەتی گفتوگۆ لەگەڵ ئێران، سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرای کرد کە تەلەئەبیب بە واشنگتۆنی راگەیاندووە پێویستە ماوەی دانوستاندنەکان لەگەڵ تاران درێژ نەکرێتەوە.

بەپێی ئەو سەرچاوانە، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین نەتەنیاھو، بە بەڕێوەبەرایەتی ئەمریکای گەیاندووە کە «هەر ڕێککەوتنێک کە بەرنامەی ناوەکی ئێران بە تەواوی هەڵنەوەشێنێت، بۆ ئیسرائیل پێویست و قایلکەر نییە».

هەروەها سەرچاوەکان ئاماژەیان کردووە کە ئیسرائیل و ئەمریکا هەڵبژاردەکانی توندکردنەوەی هەنگاوەکانیشیان تاوتوێ کردووە، لەوانەش ئامانجگرتنی دامەزراوەکانی وزەی ئێران.

لە هەمان کاتدا، سەرچاوە ئیسرائیلییەکان پێشتر ڕایانگەیاندبوو کە ئیسرائیل لە دۆخی ئامادەباشی بەرزدایە، دوای ئەوەی هێزەکانی ئەمریکا و ئێران شەوی پێنجشەممە لە تەنگەی هۆرمز رووبەرووی یەك بوونەوە.

ئەم زانیارییانە دوای ئەوە بڵاو بوونەوە کە سەرۆکی ئەمریکا، دۆنالد ترەمپ، شەوی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو چاوەڕێی وەڵامی ئێرانە بۆ پێشنیارە نوێکەی واشنگتۆن لە ماوەی ئەم شەوەدا.

بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەمریکا پێشنیارێکی نوێی دەستکاریکراوی پێشکەش کردووە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی سنووردار و کاتی، بە مەبەستی وەستاندنی ئالۆزییەكان. ڕۆیتەرزیش بڵاوی کردووەتەوە کە ئەو پلانە نوێیە لەسەر بنەمای تێگەیشتنێکی کورتخایەن دامەزراوە، نەک ڕێککەوتنێکی ئاشتیی گشتی.

هەروەها سەرچاوەکان ڕوونیان کردووەتەوە کە ئەو پێشنیارە لە سێ قۆناغدا جێبەجێ دەکرێت:
یەکەم، ڕاگەیاندنی فەرمی کۆتایی هاتنی شەڕ؛
دووەم، چارەسەرکردنی قەیرانی تەنگەی هۆرمز و هەڵگرتنی گەمارۆی ئەمریکا؛
سێیەم، کردنەوەی پەنجەرەیەکی 30 ڕۆژە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ڕێککەوتنێکی فراوانتر کە پرونەی ناوەکی ئێرانیش لەخۆ بگرێت.

شایانی باسە کە ئەمریکا و ئێران سەرەتای مانگی نیسانی ڕابردوو لە ئیسلامئاباد یەکەم خولی گفتوگۆی ڕاستەوخۆ و درێژیان ئەنجامدا، بەڵام بێ ئەنجام کۆتایی هات. دوای ئەوە دۆنالد ترەمپ گەمارۆیەکی دەریایی لەسەر بەندەرەکانی ئێران سەپاند، لە کاتێکدا تارانیش بەردەوام بوو لە داخستنی کردارێتی تەنگەی هۆرمزی گرنگ.

هەواڵی پەیوەندیدار

ناڕەزایەتیی هەزاران هاووڵاتیی دانیمارکی دژی لێدوانەکانی دۆنالد ترەمپ

یاسین

پرسەنامەیەک لە به‌شی ڕۆشنبیری و ڕاگه‌یاندنی پارتی

سەڵاح

بەپێی پڕۆژەیاسایەکی نوێ هاووڵاتیانی بیانی لەمەودوا ناتوانن لە ئێران “لە هەر پیشەیەکدا کار بکەن”

یاسین