ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتنە شاری ئامەد لە باکووری کوردستان و لەلایەن هاوسەرۆکانی شارەوانیی گەورەی ئامەدەوە پێشوازییان لێکرا.
سەردانی پارێزگارانی هەولێر و دهۆک لەسەر بانگهێشتی فەرمیی شارەوانیی گەورەی ئامەد بووە. لە کاتی گەیشتنیان، لەلایەن ئایشە سێرا بوجاک و دۆغان هاتون، هاوسەرۆکانی شارەوانیی گەورەی ئامەد و شاندێکی یاوەریان بە گەرمی پێشوازییان لێکرا.
ئامانجی سەرەکیی ئەم سەردانە، بەشداریکردنە لە “کۆڕبەندی ئاشتی و ئازادیی کۆمەڵایەتی”، کە بڕیارە لەنێوان 12 بۆ 16ـی ئایاری 2026 لەژێر دروشمی “پێکەوە” (Bi Hev Re) لە شاری ئامەد بەڕێوەبچێت.
کۆڕبەندەکە کار بۆ دروستکردنی زمانێکی هاوبەشی هیوا و بونیادنانی ئاشتی لە ڕێگەی کۆکردنەوەی دەنگە جیاوازەکان دەکات. کارنامەی چالاکییەکانی کۆڕبەندەکە چەندین وۆرکشۆپ، پانێڵ، پێشانگا، کۆنسێرت و ڕێپێوانی یادکردنەوە لە بوارەکانی پەروەردە، هونەر، مافەکانی مرۆڤ، ژنان و ئیکۆلۆژی لەخۆدەگرێت.
چاودێران و لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەشداریکردنی پارێزگارانی هەولێر و دهۆک لەم چالاکییەدا، وەک هەنگاوێکی گرنگ و ستراتیژی لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ پەرەپێدان و پتەوکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکانی نێوان شارەکانی هەرێمی کوردستان و باکووری کوردستان لە قەڵەم دەدەن.

