zagros news agency

پارێزگارانی هەولێر و دهۆک بە سەردانێکی فەرمی گەیشتنە ئامەد

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتنە شاری ئامەد لە باکووری کوردستان و لەلایەن هاوسەرۆکانی شارەوانیی گەورەی ئامەدەوە پێشوازییان لێکرا.

سەردانی پارێزگارانی هەولێر و دهۆک لەسەر بانگهێشتی فەرمیی شارەوانیی گەورەی ئامەد بووە. لە کاتی گەیشتنیان، لەلایەن ئایشە سێرا بوجاک و دۆغان هاتون، هاوسەرۆکانی شارەوانیی گەورەی ئامەد و شاندێکی یاوەریان بە گەرمی پێشوازییان لێکرا.

ئامانجی سەرەکیی ئەم سەردانە، بەشداریکردنە لە “کۆڕبەندی ئاشتی و ئازادیی کۆمەڵایەتی”، کە بڕیارە لەنێوان 12 بۆ 16ـی ئایاری 2026 لەژێر دروشمی “پێکەوە” (Bi Hev Re) لە شاری ئامەد بەڕێوەبچێت.

کۆڕبەندەکە کار بۆ دروستکردنی زمانێکی هاوبەشی هیوا و بونیادنانی ئاشتی لە ڕێگەی کۆکردنەوەی دەنگە جیاوازەکان دەکات. کارنامەی چالاکییەکانی کۆڕبەندەکە چەندین وۆرکشۆپ، پانێڵ، پێشانگا، کۆنسێرت و ڕێپێوانی یادکردنەوە لە بوارەکانی پەروەردە، هونەر، مافەکانی مرۆڤ، ژنان و ئیکۆلۆژی لەخۆدەگرێت.

چاودێران و لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەشداریکردنی پارێزگارانی هەولێر و دهۆک لەم چالاکییەدا، وەک هەنگاوێکی گرنگ و ستراتیژی لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ پەرەپێدان و پتەوکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکانی نێوان شارەکانی هەرێمی کوردستان و باکووری کوردستان لە قەڵەم دەدەن.

هەواڵی پەیوەندیدار

کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو

سەڵاح

ڕاگەیندراوێک لە پارێزگای هەولێرەوە

دڵشاد

وەزارەتی تەندروستی سێ مەرج بۆ ئەو پزیشکانە دادەنێت کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە سەرکارەکانیان

سەڵاح