zagros news agency

تەندروستیی هەرێمی کوردستان لەبارەی ڤایرۆسی ‘هانتا’وە روونکردنەوە دەدات: هیچ حاڵەتێک تۆمار نەکراوە

وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، تاوەکو ئێستا هیچ حاڵەتێکی گومانلێکراو یان تووشبوون بە ڤایرۆسی “هانتا” لە هەرێمی کوردستان تۆمار نەکراوە، بەڵام تیمەکانیان لە چاودێرییەکی وردی دۆخەکەدان و رێکاری پێویستیان گرتووەتەبەر.

ئەمڕۆ دووشەممە، 11ـی ئایاری 2026، وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا تیشکی خستە سەر مەترسییەکانی ڤایرۆسی “هانتا” (Hantavirus) و رایگەیاند، لە هەفتەی ڕابردووەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) بە وردی بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە دەکەن.

ڤایرۆسی هانتا چییە و چۆن دەگوازرێتەوە؟

بەپێی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی تەندروستی، ڤایرۆسی هانتا نەخۆشییەکی ڤایرۆسیی گواستراوەیە کە لە ڕێگەی قرتێنەرە تووشبووەکان (وەک مشک و جرج) یان دەرهاویشتەکانیانەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ. هەوکردنەکە زیاتر لە ڕێگەی هەڵمژینی ئەو تۆز و خۆڵە ڕوودەدات کە بە پاشماوەی قرتێنەرەکان پیس بووە، بەتایبەتی لەو شوێنانەی داخراون و هەواگۆڕکێیان خراپە.

نیشانەکان و ڕێژەی مردن

وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوە کردووە کە نیشانەکانی تووشبوون بریتین لە:

تا و ماندووبوونی زۆر.

سەرئێشە و ئازاری ماسولکەکان.

ئازاری سک و ڕشانەوە.

لە حاڵەتە توندەکاندا: کۆکە و تەنگەنەفەسیی توند.

هەروەها هۆشداری دەدات کە بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ساڵانە لەنێوان 10 بۆ زیاتر لە 100 هەزار حاڵەت لە جیهاندا تۆمار دەکرێن و ڕێژەی مردن بەم ڤایرۆسە لەنێوان 20% بۆ 50%ـدایە.

ئامادەکارییەکان و گەشتکردن

وەزارەتی تەندروستی دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان کە “هیچ سنووردارکردنێکی گەشت و بازرگانی و جووڵەی هاووڵاتییان لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی نییە” و تەنیا رێکارە تەندروستییەکان توندکراونەتەوە.

لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە کە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان ڕاسپێردراون بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی خۆپارێزی، ئامادەکردنی تاقیگەکان و بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی تەندروستی بۆ ئەوەی رێگری لە بەرکەوتنی هاووڵاتییان لەگەڵ قرتێنەرەکان بکرێت و پاکوخاوێنی ژینگە بپارێزرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

کاریگەری خۆراکە بەڕەنگەکان لەسەر مێشک

lana

تووشبووانی نەخۆشیەکانی دڵ پێویستە لەم خواردنانە دووربکەونەوە

lana

توشبووانی نەخۆشیەکانی گورچیلە پێویستە ئەم خواردنانە لە سیستمی خۆراکیاندا هەبن

lana