بڕیارەکان سزای دارایی تا هەشت ملیۆن دینار و قەدەغەکردنی نایلۆن و سووتاندنی پەرێزی زەوییە کشتوکاڵییەکان لەخۆدەگرێت.
رۆژی سێشەممە، ١٢ی ئایاری ٢٠٢٦، بە واژۆی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و بەپێی فەرمانی ژمارە (١٣٧٨٨)، کۆمەڵێک ڕێکاری نوێ کە لە ٩ خاڵ پێکهاتوون، ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کران. ئەم بڕیارانە دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوەی فراوانی لایەنە حکومییەکان دێن بە مەبەستی جێبەجێکردنی کارنامەی کابینەی نۆیەم بۆ پاراستنی سروشتی کوردستان.
سزای دارایی و تیمی گەڕۆک لە شوێنە گەشتیارییەکان
بەپێی بڕیارە نوێیەکان، فەرمانگەکانی ژینگە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دەسەڵاتیان پێدراوە سزای دارایی بەسەر سەرپێچیکاراندا بسەپێنن، کە بڕەکەی دەگاتە (٨,٠٠٠,٠٠٠) هەشت ملیۆن دینار. بۆ ئەم مەبەستەش، تیمێکی هاوبەش لە (ئاسایش، پۆلیس، پۆلیسی دارستان و نوێنەری ژینگە) پێکدەهێنرێت کە بە شێوەی گەڕۆک لە شوێنە گەشتیارییەکاندا دەبن و “سزای دارایی ڕاستەوخۆ” بەسەر ئەو کەسانەدا دەسەپێنن کە ژینگە پیس دەکەن.
ماڵئاوایی لە نایلۆن و شووشە؛ کاغەز دەبێتە جێگرەوە
یەکێکی دیکە لە خاڵە گرنگەکانی بڕیارەکە، هاندانی بەکارهێنانی کاغەزە لەبری نایلۆن و شووشە بۆ بەکارهێنانی ڕۆژانە. حکومەت کار لەسەر دیراسەکردنی میکانیزمێک دەکات بۆ پاڵپشتی کارگەکانی کاغەز، تاوەکو بوتڵی ئاو، شیر و عەلاگەی کاغەز جێگەی نایلۆن بگرنەوە، ئەمەش بە مەبەستی کەمکردنەوەی پاشماوە زیانبەخشەکان.
قەدەغەکردنی سووتاندنی پەرێز
لەسەر پێشنیاری وەزارەتی کشتوکاڵ، بڕیار درا بە قەدەغەکردنی سووتاندنی “پوش و پەڵاش، قەسەڵ و کڵۆش” لە دوای وەرزی دروێنە. ئەم بڕیارە بۆ پاراستنی زیندەوەران و ڕێگریکردنە لە کەوتنەوەی ئاگرکەوتنەوەی گەورە کە ساڵانە زیانی زۆر بە سامانی سروشتی دەگەیەنێت.
ڕووبەڕووبوونەوەی زێدەڕۆیی
حکومەت بڕیاری داوە لیژنەی تایبەت لەسەر ئاستی پارێزگا، قایمقامیەت و ناحیەکان پێکبهێنرێت بۆ لابردنی هەر جۆرە زێدەڕۆییەک بۆ سەر موڵکی دەوڵەت، دارستانەکان و سەرچاوەکانی ئاو. ئەم لیژنانە دەسەڵاتی یاسایی تەواویان دەبێت بۆ ڕێگریکردن لە هەر شێواندنێکی ژینگەیی.
هۆشیاریی میدیایی
لە خاڵی کۆتایی بڕیارەکاندا، داوا لە فەرمانگەی میدیا و زانیاری و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن کراوە، کە بەشداربن لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی ژینگەیی و ئاشناکردنی هاووڵاتیان بەو سزا نوێیانەی کە بەسەر سەرپێچیکاراندا دەسەپێنرێت.
ئەم ڕێکارانە وەک هەنگاوێکی کردەیی حکومەت دەبینرێت بۆ سنووردارکردنی ئەو دەستدرێژییانەی دەکرێنە سەر ژینگەی هەرێمی کوردستان و پاراستنی هاوسەنگی سروشت.

