بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، لە چوارچێوەی پاڵپشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کەرتی کشتوکاڵ، پڕۆسەی دابەشکردنی دەرمانی قرکەری بەسەر جووتیارانی سنووری پارێزگاکەدا دەستپێکرد.
ئەمڕۆ سێشەممە، ١٢ی ئایاری ٢٠٢٦، بە سەرپەرشتیی سەید هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر و بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەرانی پاراستنی ڕوەک، ژمێریاری و نوێنەرانی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی و بەشەکانی سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتی، لە کۆگاکانی پاراستنی ڕوەک دەستکرا بە دابەشکردنی قرکەری پێویست بەسەر جووتیاراندا.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەولێر ڕایگەیاند، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی کارنامەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ پاڵپشتیکردنی جووتیاران و پاراستنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لە نەخۆشی و مێرووە زیانبەخشەکان، بە ئامانجی بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری و کەرتی کشتوکاڵ لە ناوچەکەدا.
دابەشکردنی ئەم دەرمانانە سەرجەم ناوچەکانی سنووری پارێزگای هەولێر دەگرێتەوە و وەک هاوکارییەکی ڕاستەوخۆ بۆ جووتیاران هەژمار دەکرێت، تاوەکو بتوانن بەرهەمەکانیان بە کوالێتییەکی بەرز و دوور لە زیان بگەیێننە بازاڕەکان.

