zagros news agency

ئەحمەد تورک بۆ سەرۆک پارتێکی تورکیا ئامەد سپۆرت یانەیەکی کوردستانیە

دوای ئەوەی ئەحمەد تورک، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی مێردین گوتی: “دڵخۆشم بەوەی یانەیەکی کوردستان گەیشتە خولی نایاب (سوپەرلیگ)”، سەرۆکی پارتی یەکێتیی مەزن هێرشی کردە سەری.
رۆژی دووشەممە 11-5-2026 مستەفا دەستجی، سەرۆکی پارتی یەکێتیی مەزن (بەبەپە) لە تۆڕی کۆمەڵایەتی لەسەر گوتەکانی ئەحمەد تورک گوتی:”کوردستانی چی، کوڕە؟ ئێرە کۆماری تورکیایە.”
ئەحمەد تورک ئێوارەی سێشەممە 12-5-2026 پرسیاری لەبارەی ئەو گوتەیەی دەستیجی ئاراستە کرا و لە وەڵامدا گوتی:”کوردستان دەستەواژەیەکی جوگرافییە و ناوچەیەکە، لە مێژوودا پێگەی هەیە. لە سەلجووقییەکانەوە بیگرە تاوەکو عوسمانییەکان، هیچ کەسێک نکۆڵی لەمە نەکردووە. کوردستان شوێنێکە و خەڵکێکی تێدا دەژی”.
ئەحمەد تورک روونکردنەوەی زیاتری دا و ئاماژەی بەوە کرد کاتێک دەڵێن کوردستان، تەنیا مەبەستیان کورد نییە، بەڵکو سریانی، عەرەب، ئەرمەن و نەتەوەی دیکەش لەم خاکەدا دەژین و ئەوانە خەڵکی کوردستانن.
لەبارەی ئەوەی کە ئامەدسپۆری بە یانەیەکی کوردستان ناوبردووە، ئەحمەد تورک گوتی:”بێگومان ئامەدسپۆر یانەیەکی تورکیایە و چووەتە سوپەرلیگی تورکیا. ئامەدسپۆر یانەیەکی تورکیایە. بەڵام دواجار رۆحێکی کوردستانی لە مرۆڤەکاندایە. گۆرانییەکان کوردین، دروشمەکان کوردین. باشە خۆ ئەمە رەنگدانەوەی زمان و کولتووری گەلێکە لە وەرزش. دەبێ ئەمە قبووڵ بکرێ. ئەگەر ئێوە ئەمە قبووڵ نەکەن، هیچ کاتێک ناتوانن ئاشتی دەستەبەر بکەن”.
ئەحمەد تورک لەبارەی مستەفا دەستیجی گوتی:”من مستەفا دەستیجی بە جیدی وەرناگرم. ئەو کەسێک نییە وەڵامی بدرێتەوە. من 50 ساڵە سیاسەت دەکەم. چەند جارێک سکاڵای ئەندامیەتیی پەکەکەم لەسەر تۆمارکرا. سکاڵای سیاسیم لەسەر تۆمارکراوە، بەڵام 50 ساڵە هیچ سکاڵایەکی تایبەت بە سووکایەتی لەسەر من تۆمار نەکراوە، چونکە سووکایەتیم بە هیچ کەسێک نەکردووە. تەنیا ئەوانەی کەسایەتییان لاوازە، سووکایەتی دەکەن. من ئەمە ناکەم، ئەگەر ئێوە پرسیارتان نەکردبا، من وەڵامیشم نەدەدایەوە”.
ئەو گوتەیەی ئەحمەد تورک لە ماوەیەکی کورتدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگدانەوەی گەورەی لێکەوتەوە و بووە یەکێک لەو بابەتانەی زۆرترین قسەی لەسەر کرا؛ جارێکی دیکە مشتومڕی نێوان ناسنامەی نەتەوەیی و وەرزشی هێنایەوە رۆژەڤی تورکیا.
رۆژی شەممە 2ـی ئایاری 2026، یانەی ئامەدسپۆر لە دوایین یاریی خولی پلە یەکی تورکیادا لەگەڵ یانەی (ئیدر) بە ئەنجامی 3-3 یەکسان بوو. بەو ئەنجامە یانەکەی باکووری کوردستان کۆی خاڵەکانی گەیاندە 74 خاڵ و بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا سەرکەوت بۆ سوپەرلیگی تورکیا.

هەواڵی پەیوەندیدار

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پيرۆزبايى له‌ نووسه‌رانى كورد ده‌كات

یاسین

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق دەکات

سەڵاح

نرخی ئەمڕۆی زێڕ و دراوەكان

سەڵاح