ئەو دۆخەی چەند ڕۆژێکە لە بەغدا دەگوزەرێت، گەیشتووەتە ئاستی هەڕەشەی سیاسی لەلایەن ئەمەریکاوە دژ بە حکوومەتەکەی عەلی زەیدی کە بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پەرلەمان کۆ ببێتەوە بۆ ئەوەی متمانەی پێ بدات.
سەرچاوە سیاسییەکان باس لەوە دەکەن کە واشنتۆن بەئاشکرا کارتی ئابووری بەکار دێنێت و هەڕەشەی سزادانی بانکەکانی عێراق دەکات، تەنیا بۆ ئەوەی مەرجە ئەمنییەکانی خۆی بەسەر حکوومەتە نوێیەکەدا بسەپێنێت.
بەپێی زانیارییەکانی حەوت ئەندامی (چوارچێوەی هەماهەنگی)، نامەکانی ئەمهریکا کۆمەڵێک (نەخێر)ی توندیان تێدایە وەک مەرج بۆ هاوکارییەکانی داهاتوو. ئەمجارە واشنتن مەرجەکانی نەک تەنیا بۆ پشتگیریکردن، بەڵکوو بۆ سزادانی عێراق داناوە کە ئەمە دۆخێکی دەگمەنە لەدوای ٢٠٠٣وە.
بەپێی زانیارییەكانی (ئەلعەرەبی ئەلجەدید) داواکارییە سەرەکییەکان بریتین لە: پچڕانی پەیوەندییە سیاسی و سەربازییەکان لەگەڵ ئێران، هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکان و دادگاییکردنی ئەو کەسانەی لە بۆردومانکردنی باڵیۆزخانەی ئەمهریکا تێوەگلاون.
سەرچاوە ناوخۆییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هیچ لایەنێکی شیعە ئامادە نییە بە زەبری هێز چەکی گرووپە چەکدارەکان دابماڵێت، چونکە ئەوە دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕێكی خوێناوی. لەبەرامبەردا، لایەنە عێراقییەکان پێشنیاری سیستەمێک دەکەن بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک لە چوارچێوەی کۆگاکانی دەوڵەتدا، بەڵام ئەمە هێشتا وەڵامی داواکارییە توندەکانی واشنتۆن ناداتەوە کە داوای داماڵینی سوپا و هێزە ئەمنییەکان لە هەژموونی میلیشیاکان دەکات.
عەلی زەیدی، راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومەت، بۆ دەرباز بوون لەم قەیرانە، لیژنەیەکی باڵای لە سەرکردەکانی هێزە عەرەبە شیعەكانی وەک (هادی عامڕی، قەیس خەزعەلی، ئەحمەد ئەسەدی و محەمەد شیاع سوودانی) پێکهێناوە. ئامانجی ئەم لیژنەیە گفتوگۆکردنە لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان بۆ تێگەیاندنیان لە مەترسییەکانی سزای ئەمریکا و قەناعەت پێکردنیان بە کشانەوە لەناو شارەکان و سەر سنوورەکان، وەک هەنگاوێکی سەرەتایی بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان لەگەڵ واشنتۆن.
لەنێو گرووپە چەکدارەکاندا دابەشبوونێکی ڕوون هەیە، هەندێکیان جۆرێک لە نەرمی دەنوێنن، بەڵام گرووپە سەرەکییەکانی وەک (کەتیبەکانی حزبوڵا و نوجەبا) بەتوندی هەر مەرجێک بۆ دانانی چەکەکانیان ڕەت دەکەنەوە. ئەم چەقبەستووییە وای کردووە لایەنە سیاسییەکان بیر لە پەنابردن بۆ مەرجەعیەتی باڵا لە نەجەف بکەنەوە، تاوەکوو ڕێگریی بکرێت لەوەی سزاکانی ئەمریکا سێکتەرە هەستیارەکانی وەک بانکی (ناوەندی و کۆمپانیای سۆمۆ) بگرێتەوە.

