ئارنی سلۆتی ڕاهێنەری یانەی لیڤەرپوڵ پێش یارییە چاوەڕوانکراوەکەی بەرامبەر ئەستۆن ڤێلا کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ساز کرد و تێیدا تیشکی خستە سەر چەند پرسێکی گرنگ و ڕایگەیاند کە هەموو هۆکارەکان وای لێ دەکەن بڕوا بکات وەرزی داهاتووش لە پۆستەکەی بەردەوام دەبێت.
چونکە گرێبەستی فەرمی هەیە و گفتوگۆکانیشی لەگەڵ کارگێڕی یانەکە بەو ئاراستەیەن سەبارەت بەو ڕەخنانەی کە بەهۆی وەرزێکی بێ نازناو ڕووبەڕووی بووەتەوە سلۆت ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمە سروشتی نوێی جیهانی تۆپی پێیە و کاتێک تیپەکە باشترین ئاستی خۆی نییە دەنگۆ و مشتومڕ دروست دەبێت بەڵام جەختی کردەوە کە ئەو تەنها سەرنجی لەسەر کارەکەیەتی و بۆ داهاتوو پلان دادەنێت.
لە لایەکی دیکەوە ڕاهێنەری سوورپۆشەکان هەواڵی خۆشی بۆ هاندەران پێ بوو و ڕایگەیاند کە ئیبراهیم کۆناتێ بە تەواوی لە پێکانەکەی چاکبووەتەوە و بەشداری مەشقە بەکۆمەڵەکانی کردووە هەروەها محەمەد سەڵاح بۆ یارییەکە ئامادەیە بەڵام پێدەچێت تەنها بۆ چەند خولەکێکی کەم یاری بکات بۆ ئەوەی سەرکێشی بە تەندروستییەوە نەکرێت.
دەربارەی هێڵی گۆڵپارێزیش ئاشکرای کرد کە ئالیسۆن بێکر گەڕاوەتەوە بۆ ڕاهێنانەکان و بڕیاری کۆتایی لەسەر بەشداریکردنی پێش یارییەکە دەدرێت کە ئایا ڕاستەوخۆ یاری دەکات یان بۆ هەفتەی داهاتوو دوادەخرێت هاوکات گومان لەسەر بەشداریکردنی فلۆریان ڤێرتز دروست بووە بەهۆی ئەوەی تووشی هەوکردنی گەدە بووە و لەژێر چاودێری پزیشکیدایە.

