گوتەبێژی پارێزگای ئەنبار، ئەمڕۆ یەکشەممە، 17-5-2026،، ئەو دەنگۆیانەی لەبارەی دۆزینەوەی 1500 ڕوفات بڵاوکراونەتەوە ڕەتکردەوە و گوتی، دوورە لە ڕاستییەوە و تیمی تەکنیکی و هونەرییەکان بەپێی ڕێکارە یاساییەکان بەردەوامن لە کارەکانی گەڕان و پشکنین.
موئەیەد دلێمی، گوتەبێژی ڕاگەیاندنی حکومەتی خۆجێی ئەنبار، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە تیمە هونەرییەکانی سەر بە فەرمانگەی پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و بەرزەبووەکان لە دەزگای شەهیدان، لە 6ی ئایاری 2026 دەستیان بە کارەکانی گەڕان و هەڵکۆڵین لەو شوێنەدا کردووە، ئەمەش پاڵپشت بە یاسای پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان.
دلێمی ئاماژەی بەوە کرد، کارەکانی پشکنین بوونەتە هۆی دیاریکردنی 10 شوێن لە ناوچەکەدا، و تا ئێستا 7 گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە. لە گۆڕی یەکەمدا 10 ڕوفات، لە دووەمدا 5 ڕوفات و لە گۆڕی سێیەمدا یەک ڕوفات دۆزراوەتەوە، لە کاتێکدا کارەکانی گەڕان لە 4 گۆڕەکەی تریشدا هێشتا بەردەوامە.
گوتەبێژەکە جەختی کردەوە کە کۆی گشتی ئەو ڕوفاتانەی لە مێژووی 5ی ئایار تاوەکو 17 ئایاری 2026 دەرهێنراون تەنها 16 ڕوفاتن. ئەو بە توندی ئەو هەواڵانەی ڕەتکردەوە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەندێک میدیاوە لەسەر بوونی 1500 ڕوفات بڵاوکراونەتەوە، و ئاماژەی بەوە کرد کە هەندێک لایەنی ڕاگەیاندن یارییان بە هەستی کەسوکاری بێسەروشوێنبووانی سەقڵاوییەوە کردووە پێش ئەوەی تیمەکان کارەکانیان تەواو بکەن و ڕاپۆرتی کۆتایی بڵاو بکەنەوە.
لە لایەکی دیکەوە، عومەر مەشعان پارێزگاری ئەنبار و سەرۆکی لێژنەی باڵای ئەمنی پارێزگاکە، ئەمڕۆ سەردانی مەیدانیی شوێنەکەی کردووە بۆ ئاگاداربوون لە بەڕێوەچوونی کارەکان. پارێزگار جەختی لە پێویستی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دۆسیەیە لە ڕوانگەی مرۆیی و نیشتمانییەوە بە بەرزترین ئاستی بەرپرسیارێتی و ڕوونی کردووەتەوە تا مافی کەسوکاری قوربانییان پارێزراو بێت.
هەروەها ڕوونیکردەوە کە پارێزگار خۆی بە شێوەیەکی کەسیی بەدواداچوون بۆ ئەنجامی پشکنینە تاقیگەییەکان دەکات، بەتایبەت پشکنینی دی ئێن ئەی (DNA) بۆ ناسینەوەی ناسنامەی قوربانییەکان.

