نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە پاڵەوانی كورد (نامۆ فازڵ) دەكات، كە دوێنێ لە پاڵەوانییەتییەكی جیهانیی MMA لە ئەمریكا، سەركەوتنێكی گەورەی بەدەستهێنا.
ئەمڕۆ یەکشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (ئێكس) پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ڕایگەیاند: “دەستخۆشی و پیرۆزباییەكی گەرم لە پاڵەوانی نێودەوڵەتی، گەنجی بەتوانای كورد (نامۆ فازڵ) دەكەم بۆ ئەو سەركەوتنە گەورەیەی لە یاریی هونەرە جەنگییە تێكەڵاوەكان (MMA) دا لە ئەمریكا بەدەستی هێنا.”
سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە درێژەی پەیامەکەیدا هیوای سەرکەوتنی زیاتری بۆ ئەو پاڵەوانە کوردە خواستووە و نووسیویەتی: “هیوای بەردەوامی و سەركەوتنی زیاتری بۆ دەخوازم.”
نامۆ فازڵ، پاڵەوانی كورد لە یاریی هونەرە جەنگییەكان (MMA)، شەوی شەممە لە شاری لۆس ئەنجلۆسی ئەمریكا، لە یەكەم یاریی خۆیدا لە چوارچێوەی پاڵەوانییەتییەكی (نێتفلێكس)دا، بە ئاڵای كوردستانەوە چووە نێو قەفەسی یارییەکە.
نامۆ فازڵ لەو ڕووبەڕووبوونەوەیەدا توانی سەركەوتنێكی گەورە بەسەر ڕکابەرە ئەمریكییەكەی (جەیك بابیانی)دا بەدەستبهێنێت، ئەمەش دەنگدانەوەیەکی زۆری لە نێو میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەبوو.


