zagros news agency

وەزارەتی داد ڕێکاری نوێ بۆ بەرەنگاربوونەوەی ساختەکاریی پەنجەمۆر و ئیمزا دەگرێتەبەر

وەزارەتی دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی پاراستنی مافی هاووڵاتییان و ڕێگریکردن لە هەر جۆرە ساختەکارییەک لە ئیمزا و پەنجەمۆردا، گشتاندنێکی نوێی ئاڕاستەی سەرجەم فەرمانگەکانی دادنوسی کرد و تێیدا کۆمەڵێک مەرجی توند و وردی بۆ ڕاییکردنی مامەڵەکان دیاریکرد.

بەپێی نووسراوێکی فەرمی وەزارەتی داد، کە پشت بە نووسراوێکی لایەنی پەیوەندیدار لە وەزارەتی ناوخۆ دەبەستێت (ڕێکەوتی ٢٨-٤-٢٠٢٦)، داوا لە سەرجەم دادنوسەکان کراوە لە کاتی وەرگرتنی پەنجەمۆر لەسەر مامەڵە دادییەکان، بە وردی پابەندی ئەم خاڵانەی خوارەوە بن:

مەرجە سەرەکییەکانی وەرگرتنی پەنجەمۆر:

ئامادەبوونی خاوەن مامەڵە: دەبێت خودی کەسەکە ئامادەبێت و بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادرێت کەسێکی دیکە لە جیاتی ئەو پەنجەمۆر بکات.

دڵنیابوونەوە لە ڕاستی پەنجە: پێویستە دادنوس دڵنیابێتەوە کە پەنجەی کەسەکە پاکە و “ڕاستەقینەیە”، نەک پەنجەی دەستکرد یان هەر شێوازێکی تری ساختەکاری بەکارهاتبێت.

شێوازی پەنجەمۆرەکە: نابێت لە کاتی پەنجەمۆرکردندا پەنجەکە بسووڕێت یان بخزێت کە ببێتە هۆی تێکچوونی نەخشی پەنجەکە؛ هەروەها دەبێت بڕی مرەکەبەکە گونجاو بێت.

شوێنی پەنجەمۆر: نابێت پەنجەمۆر بکەوێتە سەر نووسینەکان. پێویستە لە شوێنێکی بەتاڵ، لەسەر ناوەکە یان لە تەنیشتی بێت.

ڕێزبەندی پەنجەکان: ئەولەویەت بۆ پەنجە گەورەی دەستی چەپە؛ ئەگەر نەبوو، پەنجە گەورەی دەستی ڕاست، و لە کاتی نەبوونی ئەوانەشدا پەنجەکانی دیکە بەکاردێن.

قەدەغەکردنی دووبارە مۆرکردن: بە هیچ شێوەیەک نابێت دوو پەنجەمۆر لەسەر یەک بن. ئەگەر پەنجەمۆرەکە ناڕێک دەرچوو، دەبێت لە تەنیشتی دووبارە بکرێتەوە و ئاماژەی پێبدرێت.

ڕەنگی مرەکەب: تەنیا بەکارهێنانی ستامپی ڕەنگی (شین یان ڕەش) ڕێگەپێدراوە.

ئەم بڕیارەی وەزارەتی داد لە چوارچێوەی هەوڵەکان دێت بۆ کەمکردنەوەی کێشە یاساییەکان و پاراستنی سەروەت و سامانی هاووڵاتییان، تاوەکو ڕێگە لەو کەسانە بگرێت کە لە ڕێگەی ساختەکردنی ئیمزا و پەنجەمۆرەوە زیان بە مافی خەڵک دەگەیێنن.

هەواڵی پەیوەندیدار

پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان: لابردنی کورسی کۆتاکان بڕیارێکی ستەمکارانەیە

یاسین

ڤیزای هه‌موو حاجییه‌كان گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌

دڵشاد

“نێچیرڤان بارزانی” له‌گه‌ڵ وەزیری کاروباری دەرەوە‌ی ئێران دیداریی کرد

دڵشاد