ڕۆژنامەی نیۆرک تایمز زانیارییەکانی بەرپرسانی ئەمریکی ئاشکرا کردووە کە ئێران دووبارە دەستی بە کارکردنەوەی دەیان شوێنی مووشەکی کردووە و هەروەها سەکۆکانی فڕێدانی مووشەکی گواستووەتەوە بۆ شوێنە جیاوازەکان، بۆ ئامادەکارییەک لە ئەگەری دووبارە هەڵگیرسانی شەڕ لە ناوچەکەدا.
بەپێی هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا، تاران توانیویەتی توانای کارپێکردنی 30 شوێن لە کۆی 33 بنکەی مووشەکی لە درێژایی دەریای هورمز بگەڕێنێتەوە، ئەوەش نیگەرانیی واشنگتۆنی زیاد کردووە لەسەر بەردەوامبوونی هەڕەشە بۆ هاتووچۆی دەریایی و هێزە دەریاییەکان لە کەنداوی عەرەبی.
هەروەها هەڵسەنگاندنەکان ئاماژەیان کردووە کە ئێران هێشتا نزیکەی 70%ی سەکووە گواستراوەکانی فڕێدان و هەمان ڕێژە لە ئامادەیی مووشەکییەکانی پێش جەنگ پاراستووە، کە مووشەکی بالیستی و کڕووزیش لەخۆ دەگرێت.
لە پەیوەندی بە بنکە ژێر زەوییەکان، کە بە “شارە مووشەکییەکان” ناسراون، ڕاپۆرتەکان دەڵێن نزیکەی 90%ی دامەزراوەکانی هەڵگرتن و فڕێدانی مووشەک لە ژێر زەویدا هێشتا تا ڕادەیەک توانای بەکارهێنانیان هەیە، سەرەڕای ئەو هێرشانەی ئەمریکا و ئیسرائیل لە مانگەکانی ڕابردوودا کردوویانەتە سەریان.
بەپێی بەرپرسانێک کە ئاگاداری ئەو هەڵسەنگاندنانەن، ئێران توانیویەتی لە هەندێک شوێنی زیانلێکەوتوو سەکۆی گواستراوی فڕێدان بەکاربهێنێت و مووشەکەکان نێوان بنکە جیاوازەکان بگوازێتەوە، تەنانەت هەندێکیان ڕاستەوخۆ لە سەر سکووە چالاککراوەکانەوە فڕێ بدات.
هەروەها ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە ئێران پێش هێرشەکان ژمارەیەک لە سکوو و مووشەکەکانی لە شوێنە جێگیرەکان گواستووەتە دەرەوە، بۆ کەمکردنەوەی زیانەکان و پاراستنی توانای سەربازی.

