پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 2026/5/19، لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ وڵاتی ئیتاڵیا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەلایەن سێرجیۆ ماتارێلا، سەرۆککۆماری ئیتاڵیاوە پێشوازیی لێکرا و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیان تاوتوێ کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا کە لە ڕۆمای پایتەخت بەڕێوەچوو، هەردوولا جەختیان لەسەر خواستی هاوبەشی هەولێر و بەغدا بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە دۆستانەکان لەگەڵ ڕۆما کردەوە، بەتایبەتی لە بوارە جیاجیاکانی سیاسی، ئابووری و گەشەپێداندا.
سوپاسگوزاریی هەرێمی کوردستان بۆ ئیتاڵیا
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستان و عێراقی بۆ پشتگیرییە بەردەوامەکانی ئیتاڵیا دووپات کردەوە. سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بە تایبەتی ستایشی ڕۆڵی ئیتاڵیای کرد لە هاوکارییە سەربازییەکانیان بۆ هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ماوەی شەڕی دژی تیرۆردا، ههروهها هاوکارییە مرۆیی و گەشەپێدانەکانی ئەو وڵاتەی بۆ ناوچەکە بەرز نرخاند.
ئیتاڵیا: پابەندین بە سەقامگیریی هەرێمی کوردستان
لای خۆیەوە، سێرجیۆ ماتارێلا، سەرۆککۆماری ئیتاڵیا، خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی وەک دۆستێکی دێرین، پابەندە بە پشتگیریکردن لە ئارامی، سەقامگیری و گەشەپێدانی عێراق و هەرێمی کوردستان.
ماتارێلا هەروەها ستایشی ڕۆڵی هەرێمی کوردستانی کرد وەک نموونەیەکی درەوشاوەی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییە جیاوازەکان و پارێزەری مافەکانیان لە ناوچەکەدا.
دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی پاراستنی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە و دوورخستنەوەی لە ئاڵۆزییەکان.


