zagros news agency

سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆککۆماری ئیتاڵیا لە ڕۆما کۆبوونەوە

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 2026/5/19، لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ وڵاتی ئیتاڵیا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەلایەن سێرجیۆ ماتارێلا، سەرۆککۆماری ئیتاڵیاوە پێشوازیی لێکرا و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیان تاوتوێ کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا کە لە ڕۆمای پایتەخت بەڕێوەچوو، هەردوولا جەختیان لەسەر خواستی هاوبەشی هەولێر و بەغدا بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە دۆستانەکان لەگەڵ ڕۆما کردەوە، بەتایبەتی لە بوارە جیاجیاکانی سیاسی، ئابووری و گەشەپێداندا.

سوپاسگوزاریی هەرێمی کوردستان بۆ ئیتاڵیا
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستان و عێراقی بۆ پشتگیرییە بەردەوامەکانی ئیتاڵیا دووپات کردەوە. سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بە تایبەتی ستایشی ڕۆڵی ئیتاڵیای کرد لە هاوکارییە سەربازییەکانیان بۆ هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ماوەی شەڕی دژی تیرۆردا، هه‌روه‌ها هاوکارییە مرۆیی و گەشەپێدانەکانی ئەو وڵاتەی بۆ ناوچەکە بەرز نرخاند.

ئیتاڵیا: پابەندین بە سەقامگیریی هەرێمی کوردستان
لای خۆیەوە، سێرجیۆ ماتارێلا، سەرۆککۆماری ئیتاڵیا، خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی وەک دۆستێکی دێرین، پابەندە بە پشتگیریکردن لە ئارامی، سەقامگیری و گەشەپێدانی عێراق و هەرێمی کوردستان.

ماتارێلا هەروەها ستایشی ڕۆڵی هەرێمی کوردستانی کرد وەک نموونەیەکی درەوشاوەی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییە جیاوازەکان و پارێزەری مافەکانیان لە ناوچەکەدا.

دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی پاراستنی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە و دوورخستنەوەی لە ئاڵۆزییەکان.

 

هەواڵی پەیوەندیدار

لە دێرەزۆر چەکدارانی سەر بە ئێران و هەدەسە پێکیان دادا

سەڵاح

سه‌رۆكی حکومەت: ئاڵنگارییه‌كان ڕێگه‌ له‌ هه‌نگاوه‌كانی پێشكه‌وتن و بووژانه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان ناگرن

سەڵاح

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ نوێنه‌رى سه‌رۆكى ڕووسيا كۆبووه‌وه‌

دڵشاد