لەنێو یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، ئەمڕۆ یانەی زاخۆ لە شاری سلێمانی دەبێتە میوانی یانەی نەورۆز.
کاتژمێر 5:30ی ئێوارە، یاریگای یانەی نەورۆز لە شاری سلێمانی پێشوازی لە ڕووبەڕووبوونەوەی بەهێزی نێوان یانەی نەورۆز و یانەی زاخۆ دەکات. ئەم یارییە لە چوارچێوەی ڕکابەرییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا بەڕێوەدەچێت و چاوەڕوان دەکرێت یارییەکێ بەهێز لەنێوان هەردوو تیپدا ببینرێت.
ئەم یارییە بە یەکێک لە ڕووبەڕووبوونەوە بەهێز و سەرنجڕاکێشەکانی خولەکە دادەنرێت، کە تێیدا هەردوو یانە بە ململانێیەکی توند و بەهیوای بەدەستهێنانی سێ خاڵی گرنگی یارییەکە پێ دەنێنە نێو یاریگا.
مێژووی ڕووبەڕووبوونەوەکانی نێوان هەردوو تیپەکە لە ساڵی 2021ـەوە تاوەکو ئێستا، باڵادەستیی یانەی زاخۆ نیشان دەدات. لە کۆی 10 یاری کە لەو ماوەیەدا لەنێوانیاندا ئەنجامدراوە، یانەی زاخۆ توانیویەتی 5 سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، لە بەرانبەردا یانەی نەورۆز 3 جار سەرکەوتنی تۆمارکردووە، وە لە 2 یاریشدا بە یەکسانبوون (وەکهەڤی) جیا بوونەتەوە.
یارییەکەی ئەمڕۆ بۆ هەردوو لایەن گرنگییەکی تایبەتی هەیە؛ یانەی نەورۆز لەسەر یاریگای خۆی و لەبەردەم هاندەرانیدا هەوڵدەدات مێژووی ڕووبەڕووبوونەوەکان بەرەو بەرژەوەندی خۆی چاک بکات، لە کاتێکدا زاخۆ دەیەوێت بەردەوامی بە باڵادەستیی خۆی بدات و بە سێ خاڵەوە لە سلێمانی بگەرێتەوە.

