چەندین ئاهەنگی گۆرانیبێژی فەرەنسی پاتریک بروێل لە ویلایەتی کیبێکی کەنەدا هەڵوەشێنرانەوە، ئەمەش دوای زیادبوونی ئەو تۆمەتانەی لەبارەی دەستدرێژی سێکسی ئاراستەی کراون.
ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە، کێشە یاساییەکانی ناوبراو لە فەرەنسا بەردەوام ڕوو لە هەڵکشانن و کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆیان لەسەر چالاکییە هونەرییەکانی لە دەرەوەی وڵات دروست کردووە.
کەناڵی “France Info” ڕایگەیاند، شوێنەواری ئەم کێشە هەستیارە لە هۆڵەکانی دادگاوە بۆ ناو کایەی هونەری گواستراوەتەوە و ڕێکخەرانی ئاهەنگەکان لە کەنەدا ناچار بوون بڕیاری پێویست بدەن.
کۆمپانیای “Gestev”ـی کەنەدی، کە بەرپرسە لە ڕێکخستنی ئاهەنگەکان، هەڵوەشاندنەوەی سێ کۆنسێرتی بروێلی ڕاگەیاند، بڕیار بوو لە مانگی کانوونی یەکەمی داهاتوو لە چوارچێوەی گەشتە هونەرییەکەی بە ناوی “Alors regarde 35” ئەنجام بدرێن.
کۆمپانیاکە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، بڕیارەکە بەهۆی “بارودۆخی ئێستا و مەحاڵبوونی گەرەنتی کردنی ڕیکلام بۆ ئاهەنگەکان” دراوە. هەر ئێستا پاتریک بروێل لە فەرەنسا ڕووبەڕووی لانی کەم 8 سکاڵای یاسایی بووەتەوە لەبارەی دەستدرێژی سێکسی، پارێزەری یەکێک لە سکاڵاکارەکان لەو بڕوایەدایە، لە ڕۆژانی داهاتوودا سکاڵای نوێی دیکە تۆمار دەکرێن.
ئەم دۆخە بووەتە هۆی پاشەکشەی متمانەی هاوبەشە هونەرییەکان و نیشاندانی هەستیارییەکی زۆر بەرامبەر بەو جۆرە تۆمەتانە لە کۆمەڵگەی ڕۆژئاوادا.
پاتریک بروێل بەردەوام هەموو تۆمەتەکان ڕەت دەکاتەوە و جەختی کردەوە، هەرگیز فشاری بۆ هیچ ژنێک نەهێناوە، بەڵام ئەمە ڕێگر نەبووە لەوەی ناوبانگی هونەریی ڕووبەڕووی مەترسییەکی گەورە ببێتەوە.

