چۆ هیونی وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆریای باشوور ڕایگەیاند ئێستا کەشتییەکی نەوتهەڵگری وڵاتەکەیان بە تەنگەی هورمزدا تێدەپەڕێت. ئەمە یەکەمجارە کەشتییەکی هەڵگری ئاڵای کۆریای باشوور لە کاتی دەستپێکردنی شەڕی ئێرانەوە بەو ڕێڕەوەدا تێپەڕ ببێت.
هیون لە پەرلەمانی وڵاتەکەی لە سیئۆل گوتی: “لەو ساتەدا کەشتییە نەوتهەڵگرەکەمان بە تەنگەی هورمزدا تێدەپەڕێت.” هاوکات ماڵپەڕی چاودێریی کەشتییەکان (MarineTraffic) نیشانی دا کەشتیی Universal Winner لە بەشی ڕۆژهەڵاتی تەنگەی هورمزە و بەرەو شاری ئۆلسان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی کۆریای باشوور دەچێت.
تێپەڕبوونی ئەم کەشتییە چەند هەفتەیەک دوای ئەوە دێت کەشتییەکی دیکەی کۆریای باشوور لە نزیک تەنگەی هورمز بە تەنێکی فڕیو کرایە ئامانج. کەشتیی HMM Namu ڕۆژی ٤ی ئایار هێرشی کرایە سەر و بووە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە ژووری بزوێنەرەکەیدا.
کۆماری ئیسلامی دەستوەردانی لەو هێرشەدا ڕەت کردەوە. باڵیۆزخانەی ئێران لە سیئۆل گوتی هەر جۆرە بانگەشەیەک لەبارەی دەستوەردانی هێزەکانیان بە توندی ڕەت دەکەنەوە.
کۆریای باشوور وەک چوارەم گەورە ئابووریی ئاسیا، پشتبەستنی زۆری بە هاوردەکردنی سووتەمەنی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هەیە کە زۆربەی لە ڕێگەی تەنگەی هورمزەوە دەگوازرێتەوە.

