سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی خاوی عێراقی بۆ ئوردن بۆ چوارەم مانگ لەسەر یەک ئاشکرا کرد، ئەمەش بەپێی ئەوەی زانیارییەکانی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق “سۆمۆ” نیشانیان داوە.
سەرچاوەکە بە شەفەق نیوزی ڕاگەیاندووە، ئەو زانیارییانەی لە سۆمۆوە دەرچوون، دەرخەری ئەوەن کە عێراق لە ماوەی سێیەکی یەکەمی ئەمساڵدا (چوار مانگی یەکەم) هیچ بڕە نەوتێکی خاوی بۆ ئوردن هەناردە نەکردووە، ئەمەش لە ئەنجامی کۆتاییهاتنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی واژۆکراوی نێوان هەردوو وڵات، لەگەڵ مانەوەی دۆسیەی هەناردەکردنەکە لە چاوەڕوانیی نوێکردنەوەی ڕێککەوتنەکەی نێوان هەردوو لایەن.
زیاتی کرد، دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت بەستراوەتەوە بە نوێکردنەوەی ڕێککەوتنە فەرمییەکە کە میکانیزمی هەناردەکردن و ئەو نرخە فەزڵییانە (ئیمتیازیانە) ڕێکدەخات کە پەسەندکراون، و ڕوونی کردەوە کە ڕاگرتنی ئێستا دەگەڕێتەوە بۆ هۆکاری ڕێکاریی پەیوەندیدار بە کۆتاییهاتنی ماوەی یاداشتەکەی پێشوو، نەک هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنەکە یان کۆتاییهێنان بە هاوکاریی نەوتیی نێوان بەغدا و عەممان.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئوردن ڕۆژانە بڕی نێوان ١٠ هەزار بۆ ١٥ هەزار بەرمیل نەوتی خاو لە عێراق هاوردە دەکات، بە نرخێکی فەزڵی کە کەمترە لە نرخە جیهانییەکان، ئەمەش لە چوارچێوەی هاوکاریی نەوتیی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵاتدا.

