لە کاتێکدا سەرۆکی ئەمریکا ترەمپ، ڕایگەیاند گفتوگۆکان لەگەڵ تاران گەیشتوونەتە “خاڵی چارەنووسساز” لەنێوان گەیشتن بە ڕێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و دەستپێکردنەوەی هێرشەکان، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئیسماعیل بەقایی ئاشکرای کرد کە وڵاتەکەی “بۆچوونەکانی ئەمریکای وەرگرتووە و ئێستا خەریکی لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنیانە”.
بقائی هەروەها وتی پاکستان بەردەوام بووە لە ناوبژیوانی بۆ گواستنەوەی پەیامەکان لەنێوان تاران و واشنگتن.
بەپێی ئەوەی میدیای فەرمی ئێران، “نور نیوز”، بڵاویکردووەتەوە، چەندین خولی پەیوەندی و گفتوگۆ ئەنجامدراوە بە پشتبەستن بە چوارچێوەی پێشنیارە ئێرانییەکە کە لە 14 خاڵ پێکهاتووە.
ئەم دۆخە دوای ئەوە دێت کە ترەمپ چوارشەممە ڕایگەیاند ووڵاتەکەی ئامادەیە بۆ بەردەوامبوون لە هێرشەکان دژی ئێران ئەگەر تاران ڕازی نەبێت بە ڕێککەوتنێکی ئاشتی.
بەڵام ئەو ئاماژەی دا کە واشنگتن لەوانەیە چەند ڕۆژێک چاوەڕێ بکات بۆ وەرگرتنی “وەڵامی دروست” لەم بارەیەوە، و وتی دۆخەکە “گەیشتووەتە خاڵێکی هەستیار و چارەنووسساز” و ڕەنگە بە خێرایی ئاڵۆز بێت.
“ئامادەی جووڵەین”
ترەمپ لە بنکەی هاوبەشی “ئاندروز” بە ڕۆژنامەوانان وتی:
“باوەڕم پێ بکەن، ئەگەر وەڵامی دروست وەرنەگرین، ئەوا دۆخەکە زۆر خێرا دەگۆڕێت. هەموومان ئامادەی جووڵەین.”
ئەو لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە ماوەی چاوەڕوانی، وتی:
“لەوانەیە تەنها چەند ڕۆژێک بێت، بەڵام دۆخەکە دەتوانێت زۆر خێرا بگۆڕێت.”
هەڕەشەی سوپای پاسداران
لە بەرامبەردا، ئێران هۆشداری دا لە دژکردەوەی هێرشەکان. سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی لە ڕاگەیەنراوێکدا وتی:
“ئەگەر دووبارە دەستدرێژی بکرێتە سەر ئێران، ئەوا شەڕە هەرێمییە چاوەڕوانکراوەکە ئەمجارە بۆ ناوچەیەکی فراوانتر دەگوازرێتەوە.”
لە هەمان کاتدا، تاران دامەزراندنی “دەستەی بەڕێوەبردنی ڕێڕەوە ئاوییەکانی کەنداوی فارس” ڕاگەیاند، بۆ کۆنترۆڵکردنی هاتوچۆی دەریایی لە تەنگەی هورمزی هەستیار و گرنگ.

