بە سەرپەرشتی وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی پارێزگاری هەولێر و سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، کۆبوونەوەیەکی فراوان بۆ توندکردنی ڕێکارەکانی پاراستنی ژینگە و ڕێگریکردن لە زێدەڕۆیی بەڕێوەچوو. وەزیری ناوخۆ ڕایگەیاند، مەسرور بارزانی بە شێوەیەکی مەیدانی چاودێری وردەکارییەکان دەکات و چاوپۆشی لە هیچ سەرپێچییەک ناکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 21-5-2026، لە دیوانی پارێزگای هەولێر، لیژنەی باڵای “پاراستن و چاککردنی ژینگە” بە سەرپەرشتی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کۆبووەوە.
سەرۆکی حکومەت چاوەڕوانی ئەنجامی کاریگەر دەکات
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بە بایەخی تایبەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پرسی ژینگە و بەرەنگاربوونەوەی زێدەڕۆیی کرد و گوتی: “سەرۆکی حکومەت لە نزیکەوە و بە شێوەیەکی مەیدانی چاودێری وردەکاری ڕێکارەکان دەکات و چاوەڕوانی ئەنجامی کاریگەر دەکات.”
وەزیری ناوخۆ جەختی لەوە کردەوە کە جێبەجێکردنی سیاسەتی ژینگەیی حکومەت بەرپرسیاریێتییەکی هاوبەشە و پێویستی بە هەماهەنگیی هەمیشەیی نێوان سەرجەم دامودەزگاکان هەیە. هەروەها فەرمانی بە قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکان کرد وەک یەک تیم کار بکەن و بەدواداچوونی ڕۆژانەیان هەبێت.
هۆشیاریی کۆمەڵگە و سزادانی سەرپێچیکاران
لە کۆبوونەوەکەدا باس لەوە کرا کە یاسا و پڕۆژەکان بەبێ هۆشیاریی هاووڵاتییان ناگەنە ئامانج. تیشک خرایە سەر گۆڕینی ڕەفتاری تاک بەرامبەر سروشت و بڕیار درا چەمکەکانی ژینگەپارێزی بخرێنە نێو پڕۆگرامەکانی خوێندن و میدیا و ڕێکخراوەکانیش ڕۆڵی خۆیان بگێڕن.
هاوکات، لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردران کە هەموو ڕێکارێکی یاسایی بگرنەبەر بۆ سزادانی هەر کەسێک کە زیان بە ژینگە و هاوینەهەوارەکان دەگەیەنێت.
هیچ کەسێک لە سەرووی یاساوە نییە
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە “زێدەڕۆیی”. تێیدا جەخت لە بنەمای یەکسانی لەبەردەم یاسادا کرایەوە. بڕیار درا “چاوپۆشی لە هیچ کەس و لایەنێک نەکرێت” کە هەوڵی داگیرکردن یان شێواندنی موڵک و ماڵی گشتی دەدات.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، جەخت لەوە کرایەوە کە پاراستنی ژینگە نابێت تەنیا هەڵمەتێکی کاتی و وەرزی بێت، بەڵکو پڕۆسەیەکی بەردەوامی ڕۆژانەیە. دوای گفتوگۆی نێوان بەشداربووان و خستنەڕووی پێشنیازەکان، چەند بڕیارێکی گرنگ بۆ وەرگێڕانی ڕاسپاردەکانی سەرۆکی حکومەت بۆ هەنگاوی کردەیی وەرگیران.
لە کۆبوونەوەکەدا جێگری پارێزگار، قائیمقامەکان، بەڕێوەبەرە گشتییەکانی شارەوانی، فەرمانگەی ژینگە و فەرماندەکانی پۆلیس و پۆلیسی دارستان و بەرگری شارستانی ئامادە بوون.

