ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 2026/5/23، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز مامۆستا سەڵاحەدین محهمهد بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان کرد.
لە دیدارێکی نێوانیاندا، دوایین پەرەسەندنەکانی بارودۆخی ناوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا. هەردوولا بە وردی تیشکیان خستە سەر پرۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستان و جەختیان لە پێویستیی دۆزینەوەی ڕێگەی گونجاو بۆ دەرچوون لەو بنبەستە سیاسییە کردەوە کە بەرۆکی پرۆسەکەی گرتووە.
هەر لەو دیدارەدا، سهرۆك نێچيرڤان بارزانى، پاڵپشتیی تەواوی خۆی بۆ هەوڵ و کۆششەكانى مامۆستا سەڵاحەدین محهمهد بەهائەدین لهمبارهيهوه دەربڕی. سەرۆکی هەرێم ستایشی دەسپێشخەرییەکانی ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی کرد و ڕایگەیاند: “بەردەوامیی ئەم هەوڵانە لە بەرژەوەندیی گشتیی هەرێمی کوردستاندایە و ئەمە ئەو هەڵوێستە نیشتمانییەیە کە هەمیشە لە جەنابتان چاوەڕوان دەکرێت.”
لای خۆیەوە، مامۆستا سەڵاحەدین محهمهد بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد بۆ پاڵپشتیکردنی هەوڵەکان و ڕەخساندنی زەمینەی دیالۆگ لەپێناو کۆدەنگیی لایەنە سیاسییەکان.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، بارودۆخی گشتیی ناوچەکە و لێکەوتە ئەمنیی و سیاسییەکانی سەر هەرێمی کوردستان و عێراق باسیان لێوە کرا.

