ئاژانسی هەواڵی فەرمیی بەحرەین ڕۆژی یەکشەممە ڕای گەیاند دادگایەکی ئەو وڵاتە ٩ تۆمەتباری بە زیندانی هەتاهەتایی و ٢ تۆمەتباری دیکەی بە ٣ ساڵ زیندان مەحکووم کردووە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ئەم کەسانە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ سوپای پاسداران بۆ ئەنجامدانی “کردەوەی دوژمنکارانە و تیرۆریستی” بەرانبەر بەحرەین سزا دراون. لە بەیاننامە بڵاوکراوەکەدا هاتووە تۆمەتباران لە “کۆکردنەوەی زانیاری دەربارەی ناوەندە هەستیارەکان و ئاسانکاری بۆ گواستنەوەی دارایی پێوەندیدار” دەستیان هەبووە.
بەحرەین وڵاتێکی خاوەن زۆرینەی شیعەیە و پێوەندییەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران پڕگرژی بووە؛ تەنانەت پایتەختی ئەو وڵاتە لە کاتی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، کەوتە بەر هێرشی مووشەکی و درۆنیی سوپای پاسداران. بەرپرسانی حکوومەتی بەحرەین لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار ئەوەیان ڕای گەیاندووە هێزە تەناهییەکانی وڵاتەکەیان توانیویانە “نەخشەی میلیشیاکانی ژێر پشتیوانیی ئێران” پووچەڵ بکەنەوە.

