ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٥ـی ئایاری ٢٠٢٦، لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکان لە یەکەم ڕۆژی هەفتەدا، کانزا گرانبەهاکان بازدانێکی بەرچاویان بەخۆوە بینی؛ نرخی زێڕ و زیو بەهۆی دابەزینی بەهای دۆلاری ئەمریکی، بەڕێژەی زیاتر لە ١٪ ڕوویان لە بەرزبوونەوە کرد، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بازاڕی نەوت بە پێچەوانەوە دابەزینی تۆمار کردووە.
لە بازاڕە جیهانییەکاندا، نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بەرزبووەوە بۆ 4,563.64 دۆلار، یەک کیلۆگرام گەیشتە 146,724.43 دۆلار و یەک گرامیش بە 146.72 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت. هاوکات لە بازاڕەکانی ناوخۆشدا و بەپێی نرخی فەرمی سەندیکای زێڕنگران، عەیارەکان بەهایەکی بەرزتریان تۆمار کرد؛ بە جۆرێک عەیارەی ٢٢ بە 1,029,019 دینار، عەیارەی ٢١ بە 982,245 دینار و عەیارەی ١٨ بە 841,925 دینار جێگیر بوو.
لەلایەکی دیکەوە، بازاڕی زیویش هاوشێوەی زێڕ ڕووی لە بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو کرد، بە جۆرێک لە ئێستادا نرخی هەر ئۆنسەیەک زیو گەیشتووەتە 77.72 دۆلار، هەر کیلۆگرامێک بە 2,498.79 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت و نرخی هەر گرامێکیش لەسەر 2.5 دۆلار جێگیر بووە.
سەبارەت بە هۆکاری ئەم گۆڕانکارییانە، شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن کە وەبەرهێنەران و بازرگانان بە گەشبینییەوە دەڕواننە ئەگەری ڕێککەوتنی نێوان ئێران و ئەمریکا. ئەم دۆخەش بووە هۆی دابەزینی بەهای دۆلار و دابەزینی نرخەکانی نەوت بۆ کەمترین ئاستی دوو هەفتەی ڕابردووی خۆیان، ئەمەش هۆکار بوو بۆ کەمکردنەوەی نیگەرانییەکان لەسەر سەرهەڵدانەوەی هەڵاوسان و ڕاکێشانی سەرنجی وەبەرهێنەران بۆ سەر کانزا گرانبەهاکان.

