بەڕێوەبەرایەتی کەشوهەوای هەرێم پێشبینییەکانی خۆی بۆ کەشوهەوای ئەمڕۆ سێشەممە ٢٦ی مەی ٢٠٢٦ و ڕۆژانی داهاتووی جەژنی قوربان بڵاوکردەوە.
کەشوهەوای ئەمڕۆ سێشەممە
ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت و با بە ئاراستەی باکووری ڕۆژئاوا بە خێرایی پێنج بۆ پانزە کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا دەبێت. مەودای بینین لەنێوان نۆ بۆ دە کیلۆمەتر دەبێت و پلەکانی گەرماش بەراورد بە دوێنێ یەک بۆ دوو پلە بەرزدەبنەوە.
بەرزترین پلەکانی گەرمای شارەکان بەمشێوەیەن
هەولێر ٣١، پیرمام ٢٦، حاجی ئۆمەران ٢١، سلێمانی ٣٠، چەمچەماڵ ٣٢، دهۆک ٣١، زاخۆ ٣٢، هەڵەبجە ٣٢ و گەرمیان ٣٧ پلەی سیلیزی.
چوارشەممە یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان
ئاسمان لەنێوان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت و خێرایی با لەسەرخۆ لە نێوان پێنج بۆ پانزە کیلۆمەتر دەبێت بە ئاراستەی باکووری ڕۆژئاوا، هەروەها مەودای بینین هەشت بۆ دە کیلۆمەتر دەبێت و پلەکانی گەرماش بە نزیکەی دوو بۆ سێ پلە بەراورد بە ئەمڕۆ بەرزدەبنەوە.
پێنجشەممە دووەم ڕۆژی جەژن
ئاسمان بەگشتی تەنکە هەوری بەرز دەبێت لەگەڵ بەرزبوونەوەی تۆزێکی سووک بە تایبەتی لە ناوچەکانی باشووری هەرێم. با بە ئاراستەی گۆڕاو و بە خێرایی پێنج بۆ پانزە کیلۆمەتر دەبێت، مەودای بینین دەبێتە شەش بۆ هەشت کیلۆمەتر و پلەکانی گەرماش دوو بۆ سێ پلەی تر بەرزدەبنەوە.
هەینی سێیەم ڕۆژی جەژن
ئاسمان لەنێوان ساماڵ و نیمچە هەور دەبێت لەگەڵ بوونی تۆزێکی سووک. خێرایی با مامناوەند دەبێت و دەگاتە دە بۆ بیست و پێنج کیلۆمەتر و هەندێک کات چالاک دەبێت بۆ سەرووی سی کیلۆمەتر، بەڵام لە کاتەکانی ئێوارەدا ئاسایی دەبێتەوە. مەودای بینین شەش بۆ هەشت کیلۆمەتر دەبێت و لە کاتی تۆزدا کەم دەبێتەوە بۆ چوار بۆ شەش کیلۆمەتر، پلەکانی گەرماش دوو بۆ سێ پلە بەراورد بە ڕۆژی پێشوو نزم دەبنەوە.
شەممە چوارەم ڕۆژی جەژن
ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت و با بە خێرایی پێنج بۆ پانزە کیلۆمەتر بە ئاراستەی باکووری ڕۆژئاوا دەبێت، مەودای بینین هەشت بۆ دە کیلۆمەتر دەبێت و پلەکانی گەرماش یەک بۆ دوو پلە بەراورد بە ڕۆژی پێشوو بەرزدەبنەوە.

