سەرچاوەیەکی سیاسیی ئاگادار، ئەمڕۆ یەکشەممە،31-5-2026، ئاشکرای کرد، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا نامەیەکی لەلایەن لایەنی ئەمریکییەوە پێگەیشتووە. لە نامەکەدا واشنتن ڕەتکردنەوەی توندی خۆی بۆ بەشداریکردنی هەر گرووپێکی چەکدار لە حکومەتی نوێی عێراقدا دەربڕیوە، تەنانەت ئەگەر ئەو گرووپانە دەستبەرداری چەکەکانیشیان ببن یان وازهێنانی خۆیان لە کاری سەربازی ڕابگەیەنن.
سەرچاوەکە بە میدیای ناوخۆی عێراقی ڕاگەیاند، “لە نامەکەی ئەمریکادا جەخت لەوە کراوەتەوە، پێدانی هەر پۆستێکی وەزاری یان پلەیەکی باڵای حکومی بە گرووپە چەکدارەکان یان ئەو کەسایەتییانەی نوێنەرایەتییان دەکەن بدرێت، ڕووبەڕووی هەڵوێستی توندی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژاوا دەبێتەوە؛ ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی پچڕانی پەیوەندییە سیاسی و کارگێڕییەکان لەگەڵ ئەو وەزارەتەدا، کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر پەیوەندییەکانی عێراق-ئەمریکا و هاوکارییەکانی لەگەڵ چەندین دەوڵەتی ڕۆژاوایی دەبێت.”
بەگوێرەی گوتەی سەرچاوەکە، کە داوای کرد ناوی ئاشکرا نەکرێت، زەیدی ناوەڕۆکی نامەکەی گەیاندووەتە ئەو هێزە سیاسییانەی کە بەشدارن لە گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتدا، بەتایبەتی لایەنەکانی (چوارچێوەی هەماهەنگی). لە ئێستاشدا گفتوگۆی چڕوپڕ بەڕێوەدەچێت سەبارەت بەم (ڤیتۆیە نوێیەی ئەمریکا).
ئەم هەڵوێستە نوێیەی ئەمریکا لە کاتێکدایە، کە پێشتر هەندێک لە هێزە سیاسییەکان بە نیازبوون پۆستی وەزاری بە چەند گرووپێکی چەکدار ببەخشن، دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بە فەرمی دەستبەرداربوونی خۆیان لە چەک ڕابگەیەنن. بەڵام گوشارەکانی واشنتن هاوکێشەکانی تێکدا و دەرگایەکی نوێی لە مشتومڕی نێوان هاوپەیمانێتییە سیاسییەکاندا لەسەر شێوازی حکومەتی داهاتوو کردووەتەوە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد کە بزوتنەوەی (عەسائیبی ئەهلی حەق) لە نێوان ئەو لایەنانەدا بوو کە گفتوگۆ لەسەر بەشداریکردنیان لە حکومەتدا دەکرا دوای دانانی چەکەکانیان، بەڵام پێشهاتە نوێیەکان هێزە سیاسییەکانی ناچار کردووە چاوخشاندنەوە بە بژاردەکانیاندا بکەن.
ئەمریکا گوشارەکانی بۆ سەر بەغدا چڕتر کردووەتەوە و پشتیوانییەکانی بۆ حکومەتی عێراق بەستووەتەوە بە دوورخستنەوەی گرووپە چەکدارەکان لە دامەزراوەکانی دەوڵەت.
پێشتریش ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بەوە کردبوو کە واشنتن مەرجی بێبەشکردنی ئەو گرووپانەی داناوە مەگەر لە حاڵەتی چەککردنیان و بڕینی بودجە و دارایی حکومی لە هەندێک پێکهاتەیان.
بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدات بۆ تاوتێکردنی پرسی کۆنترۆڵکردنی چەکی گرووپەکان و بڕیارەکەی موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، سەبارەت بە (سەرایای سەلام).
سەرۆک وەزیران عەلی زەیدی بەنیازی سازدانی کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانە لەگەڵ سەرکردە ئەمنییەکان و نوێنەرانی ئەو گرووپە چەکدارانەی ئامادەیی خۆیان بۆ ڕادەستکردنی چەک نیشانداوە، بە مەبەستی دیاریکردنی میکانیزم و کاتێکی گونجاو بۆ تێکەڵکردنی چەکدارەکانیان و هەڵوەشاندنەوەی مۆڵگەکانیان، هاوشان لەگەڵ تاوتێکردنی ئەو “دەستەبەرکردن و گەرەنتییانەی” کە دەدرێت بەو گرووپانە.

