کۆمەڵێک ئاماژەی نوێ لە حکومەتی بەریتانیاوە دەردەکەون سەبارەت بە ئەگەری سەپاندنی قەدەغەی توند بەسەر بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بۆ ئەو منداڵ و مێردنداڵانەی تەمەنیان لە خوار 16 ساڵەوەیە. ئەم هەنگاوە ئەگەری هەیە شانبەشانی یاسا نوێیەکانی ئوسترالیا بڕوات لە بەرزکردنەوەی ئاستی پاراستنی دیجیتاڵیی منداڵان.
لیز کێندڵ، وەزیری تەکنەلۆژیای بەریتانیا ڕایگەیاند، بژاردەی قەدەغەکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ خوار 16 ساڵان “بەدڵنیاییەوە لەسەر مێزی گفتوگۆیە”. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە زۆربەی هەرە زۆری دایکان و باوکان پشتگیری لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی توندتر دەکەن بۆ پاراستنی منداڵەکانیان لە مەترسییەکانی جیهانی دیجیتاڵی.
ڕۆژنامەی “سەندەی میرەر” لە زاری کێندڵەوە بڵاویکردەوە، کە لە ڕاپرسی و ڕاوێژکارییەکی حکومیدا، لە هەر 10 سەرپەرشتیار و باوکێک، 9یان پشتگیرییان لە پەیڕەزکردنی مۆدێلی ئوسترالی کردووە؛ کە بەپێی ئەو مۆدێلە ڕێگری لە منداڵانی خوار تەمەن 16 ساڵ دەکرێت ببنە خاوەنی هەژماری تایبەت لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
وەزیری تەکنەلۆژیا لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: ”وڵامی دایکان و باوکان زۆر یەکلاکەرەوە و بەهێز بوو. ئەوان داوای یارمەتی و پاڵپشتی دەکەن؛ هەرچەندە دەزانن کەمێک سوود لەو پلاتفۆرمانەدا هەیە بۆ منداڵەکانیان، بەڵام هاوکات نادڵنیایی و نیگەرانییەکی قووڵیان هەیە بەرامبەر ئەو ناوەڕۆکە زیانبەخشەی کە منداڵەکانیان ڕۆژانە بەرەوڕووی دەبنەوە.”

