zagros news agency

تەندروستی جیهانی : ساڵانە زیاتر لە 7 ملیۆن کەس بەهۆی جگەرەوە دەمرن

 

ساڵانە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) پێش ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی جگەرەکێشان (کە هاوکاتە لەگەڵ 31ی ئایار)، ئاماری نوێ و هۆشدارکەرەوە بڵاودەکاتەوە. بۆ ئەمساڵ، ڕێکخراوەکە دروشمی
“ئاشکراکردنی زەقبوونەوەی خەڵەتێنەرەکان – بەرەنگاربوونەوەی ئالودەبوونی توتن و نیکۆتین”ی بەرزکردووەتەوە، بە مەبەستی پاراستنی نەوەی نوێ لە داوی پڕوپاگەندەی کۆمپانیاکانی توتن.

بەپێی دوایین هەڵسەنگاندنەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، ڕەوشی بەکارهێنانی توتن لە جیهاندا بەم شێوەیەیە:
ژمارەی بەکارهێنەران: نزیکەی 1.2 ملیار کەس لە جیهاندا بەرهەمەکانی توتن بەکاردەهێنن، کە 80% یان لە وڵاتانی کەمداهات یان مامناوەند دەژین.
قوربانیانی ساڵانە: کێشانی جگەرە دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 7 ملیۆن کەس لە ساڵێکدا.
جگەرەکێشانی ناڕاستەوخۆ : لەنێو قوربانییەکاندا، 1.6 ملیۆن کەس ئەو کەسانەن کە خۆیان جگەرەکێش نین، بەڵکو تەنها لەبەر بەرکەوتنی دووکەڵی جگەرەی کەسانی تر گیان لەدەستدەدەن.
منداڵان و مێردمنداڵان: زیاتر لە 40 ملیۆن منداڵ لە جیهاندا توتن بەکاردەهێنن، کە لەنێوانیاندا 15 ملیۆن مێردمنداڵ تەمەنیان لە نێوان 13 بۆ 15 ساڵی دایە و جگەرەی ئەلیکترۆنی (Vape) بەکاردەهێنن.
زیانە دارایی و ئابورییەکان
مەترسییەکانی توتن تەنها لەسەر تەندروستی نین، بەڵکو بارگرانییەکی گەورەی ئابووریش دروست دەکەن:
تێچووی گشتیی چارەسەرکردنی نەخۆشییەکان و زیانەکانی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان بەهۆی جگەرەکێشانەوە، ساڵانە دەگاتە 1.4 تریلیۆن دۆلاری ئەمریکی، ئەمەش یەکسانە بە *1.8%ی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی جیهانی (GDP). وڵاتانی تازەپێگەیشتووش نزیکەی 40%ی ئەم تێچووە گەورەیە لەئەستۆ دەگرن.

هەروەها کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی توتن و نیکۆتین شێوازی ئەندازیاریی تایبەت بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی بەرهەمەکانیان سەرنجڕاکێشتر و ئاسانتر بێت بۆ بەکارهێنان، ئەمەش وا دەکات گەنجان بە ئاسانی ئالودە بن و نەتوانن وازی لێبهێنن.

دکتۆر شەریف حەتە، ڕاوێژکاری پزیشکی خۆپاراستن و تەندروستی گشتی ئاماژە بەوە دەکات، گەنجان لە تەمەنی مێردمنداڵیدا بۆ سەلماندنی هه‌ستی “پیاوەتی” ساختە و چاولێکەری گەورەکان یان هاوڕێکانیان، ڕوو لە جگەرەکێشان دەکەن. ئەو جەخت دەکاتەوە کە نێرگەلە و جگەرەی ئەلیکترۆنی بە هیچ شێوەیەک کەممەترسیتر نین لە جگەرەی ئاسایی، چونکە ئاسانیی بەکارهێنانیان وایکردووە مرۆڤ لە ڕۆژێکدا چەندین جار بەکاریان بهێنێت و ڕێژەیەکی زۆر نیکۆتین و ماددەی زیانبەخش بچێتە لەشیەوە.

پێکهاتەی کیمیایی و مەترسییە تەندروستییەکان،
دووکەڵی جگەرە چەکێکی کیمیایی بکوژە، بەجۆرێک کە:
پێکهاتووە لە زیاتر لە 7,000 ماددەی کیمیایی.
لانی کەم 69 ماددەیان هۆکاری سەرەکین بۆ توشبوون بە شێرپەنجە.
جگەرەکێشان هۆکاری سەرەکییە بۆ توشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن، نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە، ڕەقبوونی خوێنبەرەکان، جەڵتە و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، جگە لەوەی هۆکارە بۆ توشبوون بە زیاتر لە 20 جۆری جیاوازی شێرپەنجە (بەتایبەت شێرپەنجەی سییەکان).

ڕاسپاردەکان بۆ ڕێگری و وازهێنان
1. ئەرکی حکومەتەکان:
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی داوا لە حکومەتەکان دەکات چەند هەنگاوێکی توند بگرنەبەر، لەوانە:
قەدەغەکردنی هەمەجۆریی تامی جگەرە ئەلیکترۆنییەکان .
قەدەغەکردنی ڕیکلامی بەرهەمەکانی توتن.
ڕاگەیاندنی شوێنە گشتییە داخراوەکان وەک ناوچەی تەواو پاک و بێدووکەڵ.
٢. ئامۆژگاری بۆ ئەوانەی دەیانەوێت وازبهێنن:
دکتۆر شەریف حەتە ئەم ڕێنماییانە پێشکەش بە جگەرەکێشان دەکات:
سەردانیکردنی پزیشکی پسپۆڕ بۆ وەرگرتنی یارمەتی زانستی لە ڕێگەی “پزیشکی ڕەفتاری” (Behavioral Medicine).
ئەنجامدانی وەرزش بە شێوەیەکی بەردەوام.
دۆزینەوەی خولیایەکی تایبەت و خەریکبوون پێیەوە بۆ دوورکەوتنەوە لە بیرکردنەوە لە جگەرە.

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆكی كۆریای باشوور باری لەناكاوی لە وڵات ڕاگەیاند

یاسین

کاریگەرییەکانی خواردنی پەتاتە لەسەر نەخۆشیی دڵ

lana

پرسه‌نامه‌يه‌ك له‌ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌

یاسین