تایلۆر سویفت، ئەستێرەی پۆپی ئەمریکی، هاندەرانی لە کاتی نمایشکردنی یەکەمی فیلمی ئەنیمەیشنی “Toy Story 5” لە هۆلیوود تووشی سەرسوڕمان کرد.
شەوی سێشەممە 9ی حوزەیران، تایلۆر سویفت لەسەر شانۆی دۆڵبی دەرکەوت و لە پشت پیانۆکەیەوە گۆرانیی “I Knew It, I Knew You”ی پێشکەش کرد.
تایلۆر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، ئەم گۆرانییەی بە تایبەت بۆ بەشی نوێی ئەم زنجیرە فیلمە نووسیوە و خۆی یەکێکە لە هەوادارە بەردەوامەکانی ئەم بەرهەمە سینەماییە.
تایلۆر سویفت دەڵێت، بەشداریکردنی لەم فیلمەدا بایەخێکی زۆری بۆ ئەو هەیە و مایەی شانازییە کە بەشێکی بچووک بێت لەم زنجیرە ناودارە.
تایلۆر سویفت داوای لە راندی نیومان کرد بێتە سەر شانۆ، کە ئاوازدانەر و نووسەری گۆرانییە سەرەکییەکانی “Toy Story”یە. هەردووکیان پێکەوە گۆرانیی بەناوبانگی “You’ve Got a Friend in Me”یان چڕی، کە لە 1995ەوە هاندەران پێی ئاشنان.
پێش دەستپێکردنی نمایشەکە، تایلۆر سویفت لەسەر فەرشی سوور لەگەڵ تۆم هانکس و ئەکتەرە دەنگییەکانی دیکەی فیلمەکە دەرکەوت.
کۆمپانیای پیکسار و دیزنی بڕیاریانداوە فیلمی “Toy Story 5” لە 19ی حوزەیران لە سینەماکان نمایش بکەن.

