کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) ڕایگەیاند کە قەبارەی هاوردەکردنی بەنزین لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا گەیشتووەتە نزیکەی ١١٨ هەزار تۆن، و ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم ڕێژەیە دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٥.
سۆمۆ رایگەیاند: عێراق لە نێوان مانگی کانوونی دووەم تا کۆتایی ئاداری ٢٠٢٦، بڕی ١١٨ هەزار و ٢٩٨ تۆن بەنزینی هاوردە کردووە. ئەم بڕە بە بەراورد بە هەمان ماوە لە ساڵی ٢٠٢٥ (کە ٣٤٩ هەزار و ٢٩٢ تۆن بوو)، بە ڕێژەی 66.1% کەمی کردووە.
کۆمپانیاکە ڕوونی کردووەتەوە کە عێراق لەم ماوەیەدا هیچ بڕێک لە گازئۆیل (زيت الغاز) یان نەوتی سپی هاوردە نەکردووە.
سۆمۆ ئاماژەی بەوەدا: سەرەڕای ئەوەی عێراق دووەم گەورە بەرهەمهێنەری نەوتە لە ڕێکخراوی ئۆپێک، بەڵام بەهۆی کۆنی و سنوورداریی توانای پاڵاوگە ناوخۆییەکان هێشتا پشت بە هاوردەکردنی هەندێک لە مشتقاتە نەوتییەکان دەبەستێت. دیارترین پاڵاوگەکانیش بریتین لە: پاڵاوگەی کەربەلا (نوێترینە و توانای ١٤٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانەی هەیە)، پاڵاوگەی بێجی (سەردەمی هەشتاکانە و توانای ٣٠٠ هەزار بەرمیلی هەیە بەڵام لە شەڕی داعشدا زیانی بەرکەوت)، و پاڵاوگەی دۆرە (سەردەمی شەستەکانە و توانای ١٤٠ هەزار بەرمیلی هەیە).

