بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری ماددە هۆشبەرەکان لە عێراق ڕایگەیاند کە لە ڕێگەی ئۆپراسیۆنێکی ئەمنیی جۆراوجۆر و بە هەماهەنگی لەگەڵ دیمەشق، توانیویانە تۆڕێکی نێودەوڵەتیی بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر لە ناو قووڵایی خاکی سووریادا هەڵبوەشێننەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری ماددە هۆشبەرەکانی عێراق: مەفرەزەکانی عێراق بە هاوکاریی ڕاستەوخۆی بەشی دژە ماددەی هۆشبەری سووریا، زنجیرە ئۆپراسیۆنێکی هاوڕێکیان بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک لەناو پارێزگاکانی دێرەزوور و حمس لە ناو قووڵایی خاکی سووریا ئەنجامداوە.
له راگەیەندراوەکەدا هاتووه: ئۆپراسیۆنەکە بووە هۆی دەستگیرکردنی ٩ لە گەورە بازرگانانی نێودەوڵەتی و دەستبەسەرداگرتنی ٢٠٠ کیلۆگرام لە ماددەی هۆشبەری جۆراوجۆر کە ئامادەکرابوون بۆ قاچاخچێتی و هێنانی بۆ ناو عێراق.
لای خۆشیانەوە، وەزارەتی ناوخۆی سووریا پشتڕاستی کردەوە کە بە هاوکاری لەگەڵ عێراق ئۆپراسیۆنەکەیان ئەنجامداوە و بووەتە هۆی دەستبەسەرداگرتنی ٨٠٠ هەزار حەبی “کەپتاگۆن” و ٦٠ کیلۆگرام لە ماددەی هۆشبەری “حەشیش”.
هەردوولا جەختیان کردووەتەوە کە ئەم هاوکارییە هەواڵگرییە بەرزە بەشێکە لە هەوڵە هاوبەشەکان بۆ وشککردنی سەرچاوەکانی قاچاخچێتی و لێدانی هێڵەکانی دابینکردنی تۆڕە نێودەوڵەتییەکانی ماددەی هۆشبەر بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵگەی هەردوو وڵات.

