zagros news agency

تورکیا هەوڵی زیندووکردنەوەی هێڵی ئاسنی نێوان سعوودیە و ئەورووپا دەدات

 

قەیرانی گەرووی هورمز وای لە تورکیا کردووە پڕۆژەی زیندووکردنەوەی هێڵی ئاسنی مێژوویی نێوان عەرەبستانی سعوودی و ئەورووپا بە خێرایی بخاتە کارنامەی خۆیەوە. ئامانج لەم پڕۆژەیە بەستنەوەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە بە کیشوەری ئەورووپا بۆ گواستنەوەی کاڵا، نەوت و گازی سروشتی لە ڕێگەی وشکانییەوە.
عەبدولقادر ئۆرال ئۆغڵو، وەزیری گواستنەوەی تورکیا، بە کەناڵی جەزیرەی گوت تورکیا و عەرەبستانی سعوودی دەیانەوێت ئەو دابڕانە ٤٠٠ کیلۆمەترییەی لە هێڵەکەدا هەیە و بە ناو خاکی ئوردن و سووریا تێدەپەڕێت، لە ماوەی سێ بۆ چوار ساڵی داهاتوودا چاک بکەنەوە. هاوبەشانی ئەم پڕۆژەیە هەفتەی ڕابردوو ڕێککەوتنی هاوکارییان واژۆ کرد. ئەم هێڵە لە سەردەمی ئیمپراتۆریی عوسمانیدا بە “هێڵی حەجاز” ناسرابوو.
وەزیری گواستنەوەی تورکیا ئاماژەی بەوە کرد ئەم ڕێگەیە جێگرەوەیەکی گرنگە بۆ گواستنەوەی دەریایی کە بەهۆی داخستنی گەرووی هورمز لە کاتی شەڕ لەگەڵ ئێراندا پەککەوتبوو. هەروەها گوتی ئەم هێڵە بۆ گواستنەوەی حاجیانیش بەکار دێت و لە قۆناغەکانی داهاتوودا وڵاتانی ئیمارات، کووەیت، قەتەر، عومان و یەمەنیش دەتوانن پێوەی ببەسترێنەوە.
بۆ چاککردنەوەی هێڵەکە لە نێوان تورکیا و شاری حەلەب لە سووریا، ١٠٠ ملیۆن دۆلار تەرخان کراوە. تورکیا دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد لە کۆتایی ٢٠٢٤، پەیوەندیی نزیکی لەگەڵ حکوومەتی نوێی سووریا دروست کردووە. شارەزایان پێیان وایە بەهۆی ناسەقامگیریی گەرووی هورمز و بەرزبوونەوەی نرخەکان لە بازاڕی جیهانیدا، دۆزینەوەی ڕێگەی جێگرەوە بووەتە پێویستییەکی حەتمی.

هەواڵی پەیوەندیدار

سبەی پشووی فەرمییە

یاسین

سەرۆکوەزیران بڕیارێک لە بەرژەوەندیی فەرمانبەرانی زیندانیکراو و گیراوانی سیاسی دەردەکات

سەڵاح

ئەڵمانیا ئاماری تاوانەكانی جامی یۆرۆی 2024ـی راگەیاند

سەڵاح