zagros news agency

پزیشکێک هۆشداری دەدات: سیستەمی ساردکەرەوەی ئۆتۆمبێل مۆڵگەی میکرۆب و ژەهرە

یەلێنا مۆسکایڤا، پزیشکی پسپۆڕی هەستیاری (حەساسیە) و بەرگریی لەش ڕایگەیاند، هەوای ساردی ناو ئۆتۆمبێلەکان دەکرێت فریودەر بێت؛ چونکە تەنانەت ئەگەر کارکردنی سیستەمی ساردکەرەوەکەش لەوپەڕی باشییدا بێت، ئەوە هەرگیز بەو مانایە نییە کە تەندروست و سەلامەتە.
دکتۆر مۆسکایڤا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ئیزڤێستیا”، هۆشداریی دا لە مەترسییەکانی پیسبوونی فلتەر، بەهەڵمکەری شێدار و بۆرییەکانی گواستنەوەی هەوا، هەروەها جەختی لەسەر گرنگیی پاککردنەوەی بەردەوامیان کردەوە.
ئەو پزیشکە ئاماژەی بەوەشکرد، هەندێک نیشانەی ڕوون هەن پێویستە شۆفێران هۆشیار بن لەوانە:
-هەستکردن بە بۆنی شێ .
-هاتنی بۆنێکی هاوشێوەی سرکە لە دەرچەکانی هەواوە.
-ئەم بۆنانە نیشانەیەکی ئاگادارکردنەوەی ڕوونن کە سیستەمەکە پێویستی بە پشکنین و پاککردنەوەی دەستبەجێ هەیە
شارەزایان بەهەڵمکەر (Evaporator) بە ناسکترین بەشی سیستەمی ساردکەرەوە دادەنێن. لە کاتی کارکردندا، پلەی گەرمی ئەم بەشە بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت و شێی لەسەر چڕ دەبێتەوە کە ئەمەش پرۆسەیەکی سروشتییە.
بەڵام کێشە ڕاستەقینەکە کاتێک دروست دەبێت کە ئەم شێیە تێکەڵ بە تۆز، پاشماوەی گەڵا و پیسی دەبێت. ئەم تێکەڵەیە دەبێتە ژینگەیەکی لەبار بۆ زۆربوونی میکرۆبەکان و دروستبوونی بۆنی ناخۆش، لە ئەنجامدا سیستەمەکە دەست دەکات بە پەمپکردنی ژەهر و پیسکەرەکان بۆ ناو کابینەی ئۆتۆمبێلەکە.
هاوپەیمانییەکی ترسناک’ لە نێوان قارچک و میکرۆبەکاندا
بەگوتەی دکتۆر مۆسکایڤا، مەترسییەکە تەنها لە یەک جۆر میکرۆبدا نییە، بەڵکو لە “هاوپەیمانییەکی ترسناک”دایە لە نێوان چەند هۆکارێکدا. بەپێی بەڵگەنامەکانی *ئەکادیمیای ئەوروپی بۆ هەستیاری و بەرگری کلینیکی (EAACI)*، پشکنینەکان بوونی چوار جۆری مەترسیدار لە قارچک (قاڵب) لەناو فلتەر و بەهەڵمکەرەکاندا دەسەلمێنن کە بریتین لە:
1. کلادۆسپۆریۆم (Cladosporium)
2. ئەلتەرناریا (Alternaria)
3. ئاسپێرجیلۆس (Aspergillus)
4. پەنسلیۆم (Penicillium)
پزیشکەکە ئەوەشی خستە ڕوو کە ئەگەری هەیە ماددە هەستیارەکانی وەک “کۆپانی تۆزی ماڵەوە” (Dust Mites) لەناو ئۆتۆمبێلدا بوونیان هەبێت. هەرچەندە ئەم بوونەوەرە وردبینانە لەناو ڕێڕەوی هەوادا ناژین و زاوزێ ناکەن، بەڵام پاشماوەی گەردیلە مردووەکانیان بە ڕێژەیەکی زۆر لەناو تۆزی فلتەرەکاندا کۆدەبێتەوە و دەچێتە ناو قوماشی کوشنەکانەوە.
لە کۆتاییدا، دکتۆر مۆسکایڤا هۆشداری دا کە لەگەڵ هەڵکردنی سیستەمی ساردکەرەوەدا، ئەم گەردیلە وشک و زیانبەخشانە، لەگەڵ گەردەی ڕووەکی گیرخواردوو، بە خێرایی دەردەچنە ناو هەوا و دەچنە ناو کۆئەندامی هەناسەدانی سەرنشینانەوە؛ ئەمەش بەتایبەت کاتێک ڕوودەدات کە فلتەرەکە بۆ ماوەیەکی زۆر نەگۆڕدرابێت، یان کوالیتی خراپ بێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

مانچستەر سیتی دەست بەرداری ئەستێرەیەکی دەبێت

یاسین

چین داوای زیادکردنی هەوڵە نێوبژیوانییەکانی پاکستانی لە جەنگی ئێراندا دەکات

یاسین

سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی ستايشى هه‌نگاوه‌كانى پرۆسه‌ى ئاشتى ده‌كات

سەڵاح