رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە هەوڵدایە لە ڕێگەی بەدەستهێنانی دەنگی ٤٠٠ پەرلەمانتارەوە دەستووری وڵاتەکەی هەموار بکاتەوە، تاوەکو بەبێ گەڕانەوە بۆ ڕیفراندۆم، مافی خۆپاڵاوتنی بۆ سێ خولی تری سەرۆکایەتی پێببەخشرێت؛ بەوپێیەی دەستووری ئێستا ڕێگەی پێ نادات بۆ جاری سێیەم خۆی بەربژێر بکاتەوە. بۆ ئەم مەبەستەش، هاوپەیمانی دەسەڵاتدار (ئاکەپە و مەهەپە) کە خاوەنی ٣٢١ کورسین، پێویستیان بە ٧٩ دەنگی تری پەرلەمانتاران هەیە بۆ گەیشتن بەو ڕێژە یاساییە.
بۆ پڕکردنەوەی ئەم کورسیانە، چاوەکان لەسەر ناکۆکییە ناوخۆییەکانی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) و دەنگی پەرلەمانتارانی (دەم پارتی) کێشراون. دەنگۆی بەهێز هەیە کە ٢٧ پەرلەمانتاری سەر بە باڵی کەمال کلیچدارئۆغڵو لەناو جەهەپەدا، لەگەڵ ٥٦ پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی ببنە فاکتەری سەرەکی بۆ تێپەڕاندنی هەموارەکە؛ بەتایبەت کە ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێنمایی دابێتە دەم پارتی بۆ پشتیوانیکردنی ئەردۆغان لە پێناو بەردەوامبوونی دانوستانەکانی پرسی کورد.
شیکەرەوە سیاسییەکان پێیان وایە، چوونە پاڵ ئەم هەموارە لە لایەن دەم پارتییەوە دەبێتە دەرفەتێک بۆ مەرجدارکردنی دەنگەکانیان، بە شێوازێک کە چەسپاندنی مافە دەستوورییەکانی کوردی وەک داننان بە زمان و نەتەوەی کورد لە بەرامبەردا مسۆگەر بکەن.

