دەستەی ئێرانی بە سەرۆکایەتی وەزیری دەرەوەی ئێران، عەباس عێراقچی، و سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، محەمەد باقەر قالیباف، بەشداری دەکات. لە بەرامبەردا، جی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی کۆماری ئەمریکا، نوێنەرایەتی واشنگتن دەکات.
هەروەها عەباس عێراقچی لە یەکەم خولی دانیشتنە تەکنیکییە فراوانەکاندا بەشدار دەبێت، کە بێ دوای واژۆکردنی ڕێککەوتن لە جەنێف دەست پێ دەکات.
لەگەڵ ئەوەی چەندین راپۆرتی ڕۆژنامەوانی ئاماژەیان بە ئەگەری بەشداری دونالد ترامپ، سەرۆکی کۆماری ئەمریکا، لە ڕێوڕەسمی واژۆکردندا کردووە، تا ئێستا بڕیارێکی کۆتایی لەسەر ئەو بابەتە نەدراوە. هۆکارەکەش پەیوەندیدارە بە هەندێک پێشنیاری ئاسایشی کە هەبوونی سەرۆک و جێگری سەرۆک لە دەرەوەی وڵات لە یەک کاتدا مەترسیدار دەزانن.
لە هەمان کاتدا، وەزارەتی دەرەوەی سویسرا ڕایگەیاندووە کە ڕێوڕەسمی واژۆکردنی تێبینینامەی تێگەیشتن لەنێوان تاران و واشنگتن لە مۆزەخانەی «Bürgenstock» لە ناوەڕاستی سویسرا ئەنجام دەدرێت.
لە وتووێژێکدا بۆ کەناڵی Fox News، جی دی ڤانس وتی ڕێککەوتنەکە لەگەڵ ئێران پێویستی بە پابەندبوونێکی گەورە هەیە پێش ئەوەی تاران بتوانێت سوودەکانی وەربگرێت. ئەو جەختی کردەوە کە بەشدارییەکەی لە ڕێوڕەسمی واژۆکردن «پاداشتێک بۆ ئێران نییە»، بەڵکو ئامانجی سەرەکی بریتییە لە بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باش بۆ گەلی ئەمریکا.
ڤانس هەروەها وتی واشنگتن دەیەوێت دڵنیابێت لەوەی ئایا بەڵێنەکانی ئێران ڕاست و باوەڕپێکراون یان نا، و ئایا ئامادەیە ئەو بەڵێنانە بکاتە کردارێکی پراکتیکی و ڕاستەقینە.

