بە نوێنەرایەتی حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان، ئێوارەی 21ی حوزەیران، دەلیل جەمال، ڕاوێژکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان خەڵاتی ڕێزلێنانی شەشەم فێستیڤاڵی چەمچەماڵ بۆ فیلمی جینۆسایدی پێشکەش بە هۆمەر محەممەد، سەرنووسەری گۆڤاری ئەنفالستان کرد.
فێستیڤاڵەکە ڕۆژی 21ی حوزەیران دەستیپێکرد و ڕۆژی 23ی حوزەیران کۆتایی بەکارەکانی هێنا و لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری چەمچەماڵ سازکرا.
لە چوارچێوەی کارەکانی یەکەم ڕۆژی فێستیڤاڵدا، خەڵاتی ڕێزلێنانی فێستیڤاڵ لە لایەن دەلیل جەمال، ڕاوێژکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان پێشکەش بە هۆمەر محەمەد، سەرنووسەری گۆڤاری و دامەزرێنەری وێبسایتی ئەنفالستان کرا، لە پای هەوڵ و کۆششەکانی بۆ خزمەتی پرسی جینۆسایدی کورد و بە دۆکیۆمێنتکردنی تاوانەکانی ڕژێمی بەعس بەرامبەر بە کورد و پەرۆشییەکانی لە پێناو پێشخستنی ڕەوتی هونەری نیشتمانی بۆ ناساندنی تاوانەکانی ئەنفال و جینۆساید.

