ڕۆژی هەینی، ٢٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، بەرپرسانی ئیسرائیل و لوبنان لە واشنتۆن ڕێککەوتنێکی چوارچێوەیییان بە نێوەندگیری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا واژۆ کرد. ئەمە وەک یەکەم هەنگاو دەبینرێت بۆ کۆتاییهێنان بەو شەڕە خوێناوییەی لە نێوان سوپای ئیسرائیل و چەکدارانی حزبوڵای سەر بە ئێران لە ئارادایە.
ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە
ڕێککەوتنەکە لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەلایەن یەحیێل لایتەر، باڵیۆزی ئیسرائیل و نادا موعەوەز، باڵیۆزی لوبنان لە واشنتۆن واژۆ کرا. مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کە سەرپەرشتی کۆبوونەوەکەی دەکرد، ڕایگەیاند: “ئەمڕۆ یەکەم هەنگاومان لە گەشتێکی سەخت بەڵام پێویست بەرەو ئاشتی هەڵگرت.”
بەپێی ڕێککەوتنەکە، ئەمریکا “گرووپێکی هەماهەنگی سەربازی بۆ لوبنان” پێکدەهێنێت و بڕی ١٠٠ ملیۆن دۆلار هاوکاری مرۆیی و ٣٠ ملیۆن دۆلاریش بۆ بەهێزکردنی تواناکانی سوپای لوبنان تەرخان دەکات، تاوەکو بتوانێت سەروەری خۆی بەسەر تەواوی خاکەکەیدا بسەپێنێت.
مەرجەکانی ئیسرائیل و کشانەوەی سوپا
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ڕێککەوتنەکە ڕێگە بە هێزەکانی ئیسرائیل دەدات لە باشووری لوبنان بمێننەوە ئەگەر حزبوڵا چەک دانەنێت. ئاماژەی بەوەش کرد کە پلانی “ناوچەی تاقیکاری” (Pilot Zones) هەیە، کە تێیدا سوپای ئیسرائیل لە دوو ناوچە دەکشێتەوە و کۆنترۆڵەکەی دەداتە دەست سوپای لوبنان، وەک سەرەتایەک بۆ کشانەوەی تەواوەتی.
لە بەرامبەردا، جۆزێف عەون، سەرۆک کۆماری لوبنان ڕایگەیاند، ئەم ڕێککەوتنە دەبێتە هۆی گەڕانەوەی هاووڵاتیان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان لە ناوچە “ئازادکراوەکان” و گەڕانەوەی سەروەری تەواوی دەوڵەت.
هەڕەشەکانی حزبوڵا
سەرەڕای واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە، حەسەن فەزڵوڵا، پەرلەمانتاری حزبوڵا ڕایگەیاند، ئەوان بە هیچ شێوەیەک چەک دانانێن و ڕێگری لە جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنە دەکەن. ناوبراو هۆشداری دا کە هەر هەوڵێک بۆ سەپاندنی ئەم ڕێککەوتنە لە ناوخۆی لوبناندا ڕەنگە وڵاتەکە بەرەو “شەڕی ناوخۆ” ببات.
دۆخی مەیدانی
ئەم ڕێککەوتنە لە کاتێکدایە کە گرژییەکان هێشتا بەردەوامن. ڕۆژی هەینی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە حەوت ئەندامی حزبوڵای لە باشووری لوبنان کوشتووە. هەروەها فڕۆکەکان بڵاوکراوەیان بەسەر شارۆچکەی “مەنسووری”دا خستووەتە خوارەوە و داوایان لە دانیشتووانەکەی کردووە ناوچەکە چۆڵ بکەن، چونکە هێشتا وەک “ناوچەی ئەمنی” ئیسرائیل هەژمار دەکرێت.
شایەنی باسە، ئەم خولەی شەڕ لە ٢ی ئازاری ڕابردووەوە دەستی پێکرد، کاتێک حزبوڵا هێرشی کردە سەر ئیسرائیل دوای هێرشێکی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران. لەو کاتەوە زیاتر لە ٤٠٠٠ کەس لە لوبنان کوژراون و ملیۆنێک کەسیش ئاوارە بوون.
Reuters

